یەکێتیی پیاوان: لە ساڵی ڕابردوودا 553 سکاڵای توندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراوە

سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 2ی کانونی دووەم ئاماری توندوتیژی دژی پیاوسانی لە ساڵی 2020دا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ساڵی ڕابردوودا 553 حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراوە و 91 پیاویش یان کوژراون یان خۆیان کوشتووە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان ڕایگەیاند، “ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لە هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2012ەوە بەردەوام بەرەو زیادبوون دەچێت و لە کاتێکدا ئەو ئامارانەی لای ئێمە تۆماردەکرێت کەمترە لەو ژمارە ڕاستییەی توندوتیژی کە خۆی بوونی هەیە لە کۆمەڵگادا”.

سەرۆکی یەکێتیی پیاوان وتیشی، “لەساڵی 2020دا ئەو حاڵەتانەی توندوتیژی بەرامبەر پیاوان کە لەلای ئێمە تۆمارکراون 553 حاڵەتە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2019دا 545 حاڵەتڤ تۆمارکراوە، ئەمەش دەریدەخات توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لە زیادبووندایە”.

بورهان عەلی ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ڕابردوودا 91 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنی پیاوان تۆمارکراوە کە هەشتیان لەلایەن ژنەکانیانەوە بەهاوکاری کەسانی دیکە کوژراون، لەکاتێکدا ساڵی 2019 ئەو ژمارەیە 84 حاڵەت بووە.

بەپێی ئامارەکەی یەکێتیی پیاوان، “لە ساڵی 2020دا، 37 پیاوی بەتەمەن لە ماڵەکانیان دەرکراون، 52 حاڵەتی خیانەتی هاوسەری لەلایەن ژنانەوە کراوە، 11 حاڵەتی توندوتیژیی جەستەیی تۆمارکراوە، 20 حاڵەتی فشاری دەرونی و سێکسی تۆمارکراوە، بێبەشکردنی باوک لە بینینی منداڵەکەی 227 حاڵەت تۆمارکراوە”.

یەکێتیی پیاوان ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەو 91 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتنە 30 حاڵەت پارێزگای هەولێر، 39 لە سلێمانی، 13 پارێزگای دهۆک، شەش لە کەرکوک و سێ حاڵەت لە هەڵەبجە تۆمارکراون”.

یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاماری شەش ساڵی ڕابردووی توندوتیژیی دژی پیاوانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ساڵی 2014 تاوەکو 2020 ژمارەی ئەو ساکاڵایانەی لەلای ئەوان تۆمارکراوە 3797 حاڵەت بووە، لەو ژمارەیە 568 حاڵەتی خۆکوشتنی پیاوان و 37 حاڵەتی کوشتنی پیاوان لەلایەن ژنەکانیانەوە لەو ماوەیەدا تۆمارکراوە .

 

 

بابەتی پێشتر

گالیلۆ، ئەو ئەسپەی لە کریستیانۆ و مێسی و نێیمار گرانترە

بابەتی دواتر

ئارتێتا لەبارەی گەڕانەوەی ئوزێل: پێویستە یاریزانەکە ئاگاداربکەینەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: سزادانی بەندکراوانی بادینان دادگا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی قورس

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دادگاییکردن و سزادانی بەندکراوانی بادینان ڕایگەیاند ئەوەی لە دادگاییکردنەکەدا ڕویداوە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی…
Total
0
Share