سەرۆك بافڵ بۆ لێپرسراوی مەڵبەندەكان: هەموو دەسەڵاتەكانی خزمەتكردن و بەدەمەوەچوونی داوا رەواكانی هاوڵاتییانتان هەیە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ زیاد شەهید جەبار، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی سلێمانی و سالار مەحمود، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی گەرمیان و عومەری حاجی ئەحمەد، لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شارەزوور كۆبووەوە.

‌‌‌لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای پیرۆزبایی و دەربڕینی هەموو پشتیوانییەك، هیواشی خواست بە ئەوپەڕی دڵسۆزییەوە خزمەتی خەڵك بكەن و هەموو هەوڵەكانیان لەپێناو چاكەی گشتیدا بێت.

‌لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ بەگرنگییەوە باسی رۆڵ و پێگەی سلێمانی، گەرمیان و شارەزووری كرد بۆ یەكێتی و رایگەیاند، مێژووی گەش و درەوشاوەی یەكێتی پەیوەستە بە دڵسۆزی و خۆڕاگریی خەڵكی خۆشەویستی ئەو ناوچانەوە، بۆیە پێویستە لەمەودوا بە میكانیزمێكی نوێ و گونجاوترەوە خزمەتی ئەو سنوورانە بكرێت و هەوڵەكان بارتەقای خەبات و قوربانیدانی خەڵكە تێكۆشەرەكەی بێت.

‌سەرۆك بافڵ وتیشی، “هەموو دەسەڵاتەكانی خزمەتكردن و بەدەمەوەچوونی داوا رەواكانی هاوڵاتییانتان هەیە، ئەركی ئێوەیە جێبەجێكاری ئەركەكانیان بن و لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەدا بن”.

‌لەبەرامبەردا لێپرسراوانی مەڵبەندەكانی سلێمانی، گەرمیان و شارەزوور سوپاسی پشتیوانییەكانی سەرۆك بافڵیان كرد و دووپاتیانكردەوە، وەك هەمیشە و بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە لە خزمەتی خەڵك و سیاسەتی نوێی یەكێتیدا دەبن كە خۆی لە خزمەتكردنی زیاتری خەڵك و دەستبەركردنی ژیانێكی شایستەدا دەبینێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

داوادەكرێت پرۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی نوێنەرانەوە

پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، داوای لە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخاتە بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەنجومەنەوە.…
Total
0
Share