قوباد تاڵەبانی بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی ئاسایشی سلێمانی بەسەر كردەوە

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی لە ئاسایشی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان – سلێمانی بەسەركردەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكانی ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ هەر یەكە لە هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، عەمید خالید محەمەد قادر بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی و عەقید ئەڵوەن محەمەد ساڵح لێپرسراوی بەشی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە مەترسییەكانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان كرد و پشتگیری تەواوی خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانبارانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و دەستگیركردنی تاوانباران دەربڕی.

بەڕێوەبەرانی ئاسایشیش باسیان لە گیرگرفت و كەموكوڕییەكان كرد و پلانی خۆشیان بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی تاوانباران بۆ جێگری سەرۆك وەزیران روونكردەوە.

دواتر قوباد تاڵەبانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان – سلێمانی كرد و بەشە جۆراوجۆرەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە لە كێشە و كەموكوڕییەكانی كۆڵییەوە.

جێگری سەرۆك وەزیران دەستخۆشی لە هەوڵەكانی بەڕێوەبەر و ئەفسەران و فەرمانبەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە كرد لە یارمەتیدانی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەركراوە و توانیوویانە ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنانی هەڕەشەلێكراو لە مەترسی رزگاربكەن.

داواشیكرد هەماهەنگییەكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهێزتربكەن و پشتگیری تەواوی خۆشی بۆ دووپاتكردنەوە.

بابەتی پێشتر

سودانی دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری نەینەوای پەسەندكرد

بابەتی دواتر

بەهای دۆلار بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share