بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیلەوە سەربازێکی سوری کوژرا و سیانی دیکە برینداربوون

میدیاکانی سوریا ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی کانونی یەکەم  بڵاویانکردەوە کە بەهۆی بۆردومانی موشەکیی ئیسرائیلەوە سەربازێکی هێزەکانی سوریا کوژراوە و سیانی دیکەش برینداربوون.

بەپێی سەرچاوەکانی سوریا، ئیسرائیل بۆردومانی موشەکی ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشقی کردووە و یەکەیەکی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەی نەبی هابیل لە نزیک دیمەشق کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە لەو هێرشە موشەکییەی ئیسرائیلدا سەربازێک کوژراوە و سیانی دیکە برینداربوون، سەرەڕای زیانی مادی زۆر کە بەر ناوچەکە کەوتووە.

لەمبارەیەوە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی ئیسرائیل لێدوانیان نەداوە و بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس وتەبێژی سوپای ئیرائیل ڕایگەیاندووە، “هیچ لێدوانێک لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەوە نادەین کە میدیا بیانییەکان بڵاویدەکەنەوە”.

لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، “بۆردومانەکانی ئیسرائیل پێگەکانی حیزبوڵای لوبنانی و بنکەی بەرگریی ئاسمانییان لە دەوروبەری دیمەشق کردووەتە ئامانج.

بۆردومانەکانی ئیسرائیل بەبەردەوامی دوبارە دەبێتەوە و شەوی پێنجشەممە و هەینیی پێشووش ناوچەکانی دەوروبەری حەمای سوریای بۆردومان کرد و بەپێی ڕوانگەی سوری بەوهۆیەوە شەش سەربازیی سەربە ئێران کوژران.

لە ساڵی 2011ەوە سوریا ڕوبەڕووی ناکۆکییەکی بەردەوام بووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەوهۆیەوە زیاتر لە 380 هەزار کەس کوژراون، هەروەها وێرانکارییەکی زۆر و ئاوارەبونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی سوریی لێکەوتووەتەوە.

بابەتی پێشتر

بەهای نەوتی خاوی برێنت لە سەرووی 51 دۆلار ماوەتەوە

بابەتی دواتر

بەغداد.. حەشدی شەعبی ناوی شەقامێكی گۆڕی بەبێ ڕەزامەندیی حكومەت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share