گۆهدار زێباری بە زیندانیكردن سزادرا

بە بڕیاری دادگای هەولێر چالاكوان گۆهدار زێباری لەسەر “تۆمەتێكی دروستكراو” بە شەش مانگ زیندانی سزادرا.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگایی چالاكوان گۆهدار زێباری لە دادگای هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا بڕیاری سزادانی ئەو چالاكوانە بۆ ماوەی شەش مانگ دەركرا.

ئەندامێكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بۆ جاری سێیەمە گۆهدار زێباری دادگایی دەكرێت و لەم جارەشدا بەپێی ماددەی 15 بڕگەی یەكەمی تایبەت بە هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت دادگاییەكەی بەڕێوەچوو و بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیكردن سزادرا.

سەبارەت بە پێشكەشكردنی داوای پێداچوونەوەش بە بڕیارەكەدا وتی، وەكو تیمی پارێزەران تاوتوێی دۆسیەكە دەكەن و بڕیاری لێدەدەن.

ئومێد بەرۆشكی، بەناوی كەسوكاری چالاكوانانەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ دووبارە بادینان، خەڵكی بادینان و زیندانیانی بادینان لەسەر بیر و بۆچوون و قەڵەمەكانیان سزادران.

پرسیاری ئەوەشی كرد “هەتا كەی خەڵكی بادینان، چالاكوان و رۆژنامەنووسانی بادینان لەسەر كاری سیاسی، بیری ئازاد و قەڵەمەكانیان سزادەدرێن؟”.

دوێنێ رێواز فایەق، سەرۆكی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان پۆستێكی لە تۆڕی ئێكس (تویتەری پێشوو) دەڵێت، “گۆهدار زێباری بە تۆمەتێكی دروستكراو دادگایی دەكرێت، هێشتاش ئومێدمان بە دادپەروەریی دادگاكەدا هەڵواسیووە”.

دەشڵێت، “هیوادارم دادگا ئێمە و هەموو ئازادیخوازان بێئومێد نەكات و لەوە زیاتر بەم شانۆگەرییە نەگریسانەی ناویان لێناوە دادگاییكردن، ناو و ناوبانگی هەرێمەكەمان كە بەرهەمی شۆڕشە بۆ ئازادیی، لەكەدار نەبێت و، لەوە زیاتر دۆستەكانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیكردنی ئەزموونەكەمان ساردنەكەنەوە”.

گۆهدار زێباری لە 22ی تشرینی یەكەمی 2020 راگیرا و بەگوێرەی ماددەی 156ی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدرا، بەڵام لە شوباتی 2022 بە فەرمانێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سزاكەی 60٪ كەمكرایەوە.

بڕیاربوو گۆهدار رۆژی 16ی ئازاری ئەمساڵ ئازادبكرێت، بەڵام بەگوێرەی ماددەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوكمدرا، دوای ئەوەی ئەو بڕیارە تەمیزكرایەوە، حوكمەكەی بۆ پێنج مانگ كەمكرایەوە، بەڵام لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزاكەیدا لە زیندان هێڵدرایەوە تا ئەمڕۆ بە بڕیاری دادگا بۆ ماوەی شەش مانگی دیكە سزادرا.

بابەتی پێشتر

نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەران بایکۆتی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ناکەن

بابەتی دواتر

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە کارەساتەکەی حەمدانییە راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share