ئەندامێكی لیژنەی دارایی: بە دوو رێگا كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەردەبێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پشكی هەرێمی كوردستان هەمواربكرێتەوە و وەك خۆی رەوانەبكرێت دەتوانرێت زیاتر لە مووچەیەك دابەشبكرێت و دەشڵێت، “بە دوو رێگا كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم لەگەڵ بەغداد چارەسەردەبێت”.

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گرفتەكە مووچە نییە تاوەكو جیابكرێتەوە، بەڵكو گرفتەكە لە پشكی هەرێمی كوردستاندا هەیە كە ئەگەر گۆڕانكاری تێدا بكرێت و پشكەكەی هەرێم رەوانەبكرێت ئەو كات دەتوانرێت زیاتر لە مووچەیەك دابەشبكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، 775 ملیار دینار وەك ئەوەی لە نێو یاسای بودجە هاتووە بۆ مووچەی یەك مانگە، بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیەش زیادبكرێت دەبێت لەسەر بنەمایەكی یاسایی بێت، چونكە وەزارەتی دارایی ناتوانێت لە دەقە یاساییەكان دەربچێت و ئێمە نامانەوێت مووچە لە بەغدادەوە بە قەرز رەوانە بكرێت، چونکە مووچە مافێكی یاسایی مووچەخۆرانە.

بە بڕوای ئەندامەكەی لیژنەی دارایی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە و بودجەی هەرێم دەبێت، هەمواری ئەو بڕگەیە بكرێت کە لە یاسای بودجە هاتووە و تایبەتە بە هەرێمی كوردستان، یاخود مووچەی فەرمانبەران لە خەرجییە فیعلییەكان جیابكرێتەوە وەك ئەوەی لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كاری پێدەكرێت، چونكە دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ شەش مانگ دانراوە لەكاتێكدا بۆ مووچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی هەرێم پێویستمان بە لە 906 ملیار دینارە و دەبێت چارەسەری یاسایی بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت 94 دۆلاری تێپەڕاند

بابەتی دواتر

جەمال كۆچەر: هەرێم داوایكردووە بەغداد تا كۆتایی ئەمساڵ مانگانە 800 ملیار دینار بە قەرز بنێرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share