کۆڕەک تیلیکۆم زۆرترین رێژەی قەرزی لەسەرە و پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون دەکات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێداچوونەوە بە قەرزەکانی کۆمپانیا ئەهلییەکاندا دەکات و ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانیش دەڵێت، “کۆڕەک تیلیکۆم زۆرترین قەرزی لەسەر کەڵەکە بووە و بە بڕیارێک پابەندکراوە بە دانەوەی ئەو قەرزانە”.

کاروان عەلی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، “حکومەت قەرزێکی زۆری لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن هەیە و کۆڕەک تیلیکۆمیش گەورەترین رێژەی قەرزی کەڵەکەبووی لەسەرە”.

ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە لیژنەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق پێداچوونەوە بۆ قەرزی سەر کۆمپانیا دەکەن و کاری جدییش لەبارەی ئەو بڕیارە دەکەن کە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن پابەند دەکات بە دانەوەی قەرزەکان و لەناویشیاندا کۆڕەک تیلیکۆم.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، “هەندێک کۆمپانیا داوایان لە حکومەت کردووە قەرزەکانیان یەکلاییبکاتەوە، بۆیە ئێمە میوانداری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین تایبەت بەو دۆسیەیە، هەروەها ئەو کۆمپانیایانە قازانجیان هەیە و دەبێت یاسای پابەندبوونەکان جێبەجێ بکەن”.

لە بەرامبەردا عەلی تەمر شارەزای یاسایی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، “حکومەت دەتوانێت قەرزەکانی لە کەرتی تایبەت وەربگرێتەوە، چونکە یاسای عێراق بەپێی یاسای 56ی ساڵی 1977 چۆنێتیی وەرگرتنەوەی قەرزی حکومەت لە دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان دیاریکراوە”.

بابەتی پێشتر

مۆرینیۆ لە ئیدارەى ڕۆما توڕەیە

بابەتی دواتر

 ئاسایشی هەرێم بازرگانێکی ماددەی هۆشبەری دەستگیرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share