چاندنی توتن کارەساتێک بۆ خۆراک و ژینگە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات رێگری بکەن لە چاندنی توتن و جووتیاران هانبدەن بۆ چاندنی میوە و سەوزەواتەکان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی لە هەندێک وڵاتان هەروەها مردنی هەشت ملیۆن کەس ساڵانە بەهۆی جگەرەوە.

ئەم داوایەی تەندروستیی جیهانی بەر لە چەند رۆژێک دێت لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان کە دەکەوێتە 31ی ئایاری هەموو ساڵێکەوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باس لەوە دەکات کە لە جیهاندا 3.2 ملیۆن هێکتار زەوی بەپیت لە 124 وڵات بۆ چاندنی توتن بەکاردەهێنرێت تەنانەت لەو شوێنانەی کە خەڵک لە برسێتیدا دەمرن.

تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، حکومەتەکان لە سەرانسەری جیهان “ملیۆنان خەرج دەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی کێڵگەکانی توتن” ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگیدان بە چاندنی خۆراک لەبری توتن وادەکات جیهان ئەولەویەت بدات بە تەندروستی و پاراستنی ئیکۆسیستەمەکان و بەرزکردنەوەی ئاسایشی خۆراک بۆ هەمووان”.

راپۆرتێکی نوێی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ناوی “خۆراک گەشە پێبدە نەک تووتن” ئاماژە بەوە دەکات کە 349 ملیۆن کەس رووبەڕووی نەبوونی توندی ئاسایشی خۆراکی دەبنەوە، کە زۆربەیان لە نزیکەی 30 وڵاتی کیشوەری ئەفریقادان، لە ماوەی دەیەی رابردوودا چاندنی توتن بە رێژەی لەسەدا 15 زیادی کردووە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆی 10 وڵاتی گەورەترین بەرهەمهێنەری توتن، نۆ وڵاتیان وڵاتانی کەم داهات و مامناوەندن.

چاندنی تووتن بە داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاستەنگەکانی ئاسایشی خۆراکی وڵاتان گەورەتر دەکات.

دکتۆر رودیگەر کرێچ بەڕێوەبەری بەرەوپێشبردنی تەندروستی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، “گرنگی ئابوریی توتن ئەفسانەیە کە زۆر پێویستە بڕەوێنینەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمی تووتن کەمترە لەسەدا یەکی کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی بەرهەمەکە دەچێنن، هەروەها قازانجەکەی بۆ بەرهەمهێنەرانی سەرەکیی جگەرە لە جیهاندا دەچێت، هاوکات جوتیاران لەژێر بارگرانی ئەو قەرزانەی کە کۆمپانیاکانی تووتن گرێبەستیان لەگەڵدا کردوون زەرەرمەند دەبن.

دکتۆر کریچ روونیکردەوە کە جووتیارانی توتن خۆیان بەرکەوتەی ژەهراویبوونی نیکۆتین و قڕکەری مەترسیدار دەکەنەوە، تیشکی خستە سەر کاریگەرییە کارەساتبارەکانی سەر کۆمەڵگاکانی ناوچەکانی چاندنی تووتن، کە مەزەندە دەکرێت یەک ملیۆن و 300 هەزار منداڵ لەبری ئەوەی بچنە قوتابخانە لە کێڵگەی تووتن کاردەکەن.

وتیشی، “پەیام بۆ جگەرەکێشەکان ئەوەیە، ‘دووجار بیربکەنەوە'”، چونکە بەکارهێنانی تووتن پاڵپشتییە بۆ ئەو دۆخە خراپەی کە جووتیاران و خێزانەکانیان ئەزموونی دەکەن بەهۆی چاندنی توتنەوە.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەگەڵ رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) و بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەستپێشخەریی کێڵگەی بێ تووتن دەستپێدەکات، بە ئامانجی یارمەتیدانی هەزاران جووتیار لە وڵاتانی وەک کینیا و زامبیا بەرهەمهێنانی خۆراکی بەردەوام لەبری توتن.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی ئەیلولی 2008دا بەرهەمهێنان لە چەند وڵاتێکدا چڕبووەتەوە، لەنێویاندا 10 وڵات کە لەسەدا 80ی بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنن، کە لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا دەستیکردووە بە زیادبوون و ئەم دۆخە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ هۆکارەکانی کوالێتی و تێچوون.

دەرەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریخستووە کە “بەرهەمهێنانی تووتنی جیهانی بەرەو وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەڕوات، بەڵام قازانجەکەی بەرەو دابەزین دەڕوات، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتی جووتیاران دەبێت، لەم چوارچێوەیەشدا رەوتەکانی ئێستای بازاڕی خۆراکی جیهانی نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکەن بۆ گەڕان بەدوای بەدیل بۆ چاندنی تووتن کە لە رووی ئابوورییەوە بەردەوام بێت، بە تایبەت لەبەر ئەوەی بەرهەمی تووتن ئاسایشی خۆراک تێکدەدات”.

بابەتی پێشتر

بزووتنەوەی گۆڕان: هیچ کۆبونەوەیەکى کۆمسیۆن بە پێویست نازانین

بابەتی دواتر

راوێژكاری سودانی زانیاری لەبارەی رێگای گەشەپێدانەوە بۆ "ئێستا" ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share