پێشێلكارییەكانی دژ بە كۆچبەران لە ئەوروپا لە 1500 لاپەڕەدا بڵاوكرایەوە

ڕاپۆرتێكی تۆڕی ڕێكخراوە ناحكومییەكان كە پشت بە شایەتی كۆچبەران دەبەستێت ئەو توندوتیژی و گەڕانەوەی زۆرەملێ و كارە نایاساییانە ئاشكرادەكات كە لەسەر سنوورەكانی بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا دەرهەقیان ئەنجامدەدرێت.

ڕاپۆرتەكە كە لەژێر ناوی (كتێبی ڕەش دەربارەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ) ڕۆژی هەینی 18ی كانونی یەكەم بڵاوكرایەوە، لەسەر پێشنیاری فراكسیۆنی چەپی یەكگرتووی ئەوروپا (چەپی ڕادیكاڵ) لە پەرلەمانی ئەوروپا و لەلایەن (تۆڕی چاودێریی توندوتیژی لەسەر سنوور) كە ژمارەیەك لە كۆمەڵە و ڕێكخراوە ناحكومییەكان لەخۆدەگرێت ئامادەكراوە.

ڕاپۆرتەكە كە لە 1500 پەڕە پێكدێت شایەتی ئازاربەخشی تایبەت بە زیاتر لە 12 هەزار و 654 كەس دەربارەی ئەو ڕوداوانە لەخۆدەگرێت كە لە ساڵی 2017ەوە لە (ئیتاڵیا، سلۆڤینیا، مەجەڕ، یۆنان و كرواتیا) هەروەك لە وڵاتانی دیكەی بەڵقان ئەوانەی لە یەكێتی ئەوروپا ئەندام نین وەك (سڕبیا و بۆسنە) ڕویانداوە.

كۆرنیلیا ئیرنست، پەرلەمانتاری ئەڵمانی لە پەرلەمانی ئەوروپا (چەپی یەكگرتووی ئەوروپا) وتی، توشی شۆك بووین بەو چیرۆكە بێ كۆتاییانە دەربارەی توندوتیژی زۆر و ئەو سوكایەتییانەی دیكتاتۆرییەتی دڕندانەمان بەبیردا دەهێنێتەوە.

ئومێدی خۆیشی نیشاندا بەوەی (كتێبی ڕەش) ببێتە هۆی “سنووردانان بۆ ئەو تاوانانە و سزادانی ئەو حكومەتانەی بەرپرسن لەو كردەوانە”.

ڕاپۆرتەكە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی پڕۆسەكانی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ كە بریتییە لە “دەركردنی كۆچبەران بەبێ ڕەخساندنی هەلی پێشكەشكردنی داوای مافی مانەوە و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی كەسی و بەبێ ڕێگەپێدان بۆ داواكردنی هاوكاری و بە بەكارهێنانی هۆكارەكانی توندوتیژی، نایاساییە”.

ڕاپۆرتەكە ڕۆژی هەینی ڕادەستی ئیلفا یۆهانسۆن، كۆمسیاری كاروباری ناوخۆی یەكێتی ئەوروپا كرا.

لەنێو ئەو شایەتییانەی لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، یەكێكیان دەگەڕێتەوە بۆ تازەپێگەیشتوویەكی ئەفغانی تەمەن 17 ساڵ، كە لە تشرینی دووەمی ڕابردوو لەژێر بارهەڵگرێك لە بەنداوی باری لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵیاوە ئاشكراكرا، ئەو دەڵێت، ڕوبەڕووی لێدان بە دار بووەتەوە بەر لە گەڕاندنەوەی بۆ یۆنان بە بەلەم، بەبێ ئەوەی نان و ئاو بخوات.

لە یۆنان، كۆمەڵەیەكی پێكهاتوو لە 65 كەس كە تەمەنیان لەنێوان سێ ساڵ و 50 ساڵدا بوو و خەڵكانی (ئەفغانستان، سوریا، مەراكیش، جەزائیر، تونس و میسر) بوون ناچار بە گەڕانەوە بۆ توركیا كراون پاش پەڕینەوە بە پێ بە دەریاری ئیڤرۆس-دا، كە هەردوو وڵاتەكە لەیەك جیادەكاتەوە.

سورییەك كە لە كانونی یەكەمی 2019 لە كرواتیا لەگەڵ پێنج سوریی دیكەدا دەستبەسەركراوە و لەنێوانیاندا دوو تازە پێگەیشتووی تەمەن 15 ساڵ هەبووە، وتی ڕوبەڕووی هێرش و پەلاماری سەگ بوەتەوە كە لەلایەن پۆلیسەوە دژیان بەرەڵا كراوە و دواتریش بۆ بۆسنە گەڕێندراونەتەوە.

هوب باركر و میلینا زایۆڤیچ، ئامادەكارانی ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكەن، پڕۆسەكانی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ كە لەلایەن تۆڕەكەیانەوە تێبینی كراوە، مشتێكە لە دیاردەیەكی گەورە و زیاتر بەرنامە بۆداڕێژراو.

ڕاپۆرتەكە ئیدانەی بەكارهێنانی چەكی تەزوویی كارەبایی دژ بە كۆچبەران دەكات و دەڵێت، خوازیارانی كۆچ ناچار بە داكەندنی جلەكانیان كراون و لە شوێنێك دەستبەسەركراون كە كەمترین كەلوپەلی سەرەكی تیادا بووە.

بابەتی پێشتر

بانكی ناوەندی بەهای دیناری بەرامبەر بە دۆلار دیاریكرد

بابەتی دواتر

"گەڕانەوەی عادل" دوو ملیۆن فۆلۆوەری بەخشییە ئینستاگرامی فیدراسیۆنی ئاسیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share