لەکاتی ناردنی هەناری هەڵەبجە بۆ ئەوروپا تورکیا کێشەی لەگەڵ ناوە کوردییەکاندا هەیە

بەڕێوبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کاتێک دەیانەوێت بەناوی کوردییەوە هەنار هەناردەی ئەوروپا بکەن، تورکیا کێشەی لەگەڵ ناوە کوردییەکاندا هەیە و بە ئاسانی ڕێگەنادەن بە ناوی کوردییەوە هەنارەکە ڕەوانە بکرێت.

فەرەیدون نامدار، بەڕێوبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “پێشتر هەناری هەڵەبجە و کوردستان کاتێک ڕەوانەی ئەوروپا دەکرا بەناوی کوردیەوە، لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا و ئێران کێشە بۆ ناوە کوردییەکان دروست دەکرا و هەندێکجار دەشگۆڕا”.

کۆمپانیای هەناری کوردستان ئەرکی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە و هەرێمی لە ئەستۆگرتووە و تا ئیستا بە چەندین ولاتی ئەوروپی و بەریتانیادا هەناری کوردستانی بڵاوکردووەتەوە.

وەک بەڕێوبەری کۆمپانیای هەناری کوردستان دەڵێت، بە نیازن لە ئایندەیەکی نزیکدا هەناری هەرێم بدەنە دەست پەرلەمانتار و سیاسییەکانی ئەوروپا تا لەو ڕێگەوە ئەم میوەیە کە هەرێم دەوڵەمەندە پێی بە ئەوروپا بناسێندرێت.

دوای وڵاتی بەریتانیا ئەمڕۆ 17 ی کانونی یەکەم، 21 تۆن هەناری هەڵەبجە و کوردستان گەیەنراوەتە وڵاتی سوید و ئێستا کوردان و دانیشتوانی ئەو شارە دەتوانن تامی هەناری هەڵەبجە و کوردستان بکەن.

بابەتی پێشتر

خەڵاتەکانی فیفا پێشکەشکران و لیڤاندۆڤیسکی بە باشترینی جیهان دیاریکرا

بابەتی دواتر

بریندارێکی دیکەی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق گیانی لە دەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share