بەیار عومەر عەبدوڵا: پارتی دەهێڵێت رەوانەكردنی نەوت لەڕێی سۆمۆوە لە بەرژەوەندیی خەڵك بێت؟

نووسەرێك دەڵێت، رەوانەکردنی نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی (عێراق)دا، جێی خۆشحاڵیە دەشڵێت، ئەم بڕیارە دەشێت زەمینەی عەدالەت و خۆشگوزەرانی بخوڵقێنێت، بەڵام ئایا لە وردەکاریی رێکكەوتنەکەدا، پارتی دەهێڵێت لە بەرژەوەندیی خەڵک وەرچەرخێت؟!

بەیار عومەر عەبدوڵا، چالاكوان و نووسەر وتارێكی لەبارەی رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ بڵاوكردووەتەوە و رایگەیاند، رەوانەکردنی نەوتی هەرێم لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی عێراقدا، جێی خۆشحاڵیە؛ تەنها ئەوانە نیگەرانن کە بەرژەوەندیان لەگەڵ (پارتی) دا هەیە و بە پارەی نەوت کۆمەک دەکرێن. هاوکات ئەوانە بێزارن کە هێشتا فریوی بازرگانەکانی کوردایەتی کاریگەری و سحری ماوە لەسەریان.

دەشڵێت، “ئەم بڕیارە دەشێت زەمینەی عەدالەت و خۆشگوزەرانی بخوڵقێنێت، بەڵام ئایا لە وردەکاری ڕێکەوتنەکەدا، پارتی دەهێڵێت لە بەرژەوەندی خەڵک وەرچەرخێت؟!”

دەقی وتارەكە:

شەیتان لە وردەکاریدایە (The Devil is in the Details)

ڕەوانەکردنی (نەوتی هەرێم) لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی (عێراق)دا، جێی خۆشحاڵیە؛ تەنها ئەوانە نیگەرانن کە بەرژەوەندیان لەگەڵ (پارتی) دا هەیە و بە پارەی نەوت کۆمەک دەکرێن. هاوکات ئەوانە بێزارن کەهێشتا فریوی بازرگانەکانی کوردایەتی کاریگەری و سحری ماوە لەسەریان.

ئەم بڕیارە دەشێت زەمینەی عەدالەت و خۆشگوزەرانی بخوڵقێنێت، بەڵام ئایا لە وردەکاری ڕێکەوتنەکەدا، پارتی دەهێڵێت لە بەرژەوەندی خەڵک وەرچەرخێت؟!

لاوازی حکومەتەکەی سودانی و دژایەتی سەدر و فشاری ئەمریکا لەلایەک و زۆری ژمارەی کورسیەکانی پارتی لە لایەکی تر، سودانی ناچار کردوە هەوڵی ڕازیکردنیان بدات بۆ مانەوەی حکومەتەکەی.

ئینگلیزەکان دەڵێن (شەیتان لە وردەکاریدایە). لە وردەکاری هەر ڕێکەوتنێکدا دەکرێت کۆمەڵێک خاڵ جێی بکرێتەوە، کە لە قازانجی گروپێک بێت و بەرژەوەندی گشتی تێدا پێشێل بکرێت.

پارتی دەمێکە ئاگاداری پیلانێکی لەو جۆرەیە و خۆی بۆ ئامادە کردوە و ڕازی بووە نەوتەکە لەژێر چاودێری (عێراق)دا بفرۆشرێت، بەو مەرجەی

١- بەغدا (١٢.٦٪ی بودجەی عێراق) بدات بە (حکومەتی هەرێم)، کە ڕەنگە زیاتر بێت لەو داهاتەی حکومەتی هەرێم لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتەوە دەستی ئەکەوێت. حکومەتی عێراقیش ڕازی بووە لە پێناوی دەرهێنانی مەلەفی نەوت لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم.

هاوکات بڕیارە پارەی قەرزی کۆمپانیاکان لەو بودجەیە دەربکرێت؛ ڕێکەوتن و قەرزەکان لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و هەندێک کۆمپانیادا کراوە، کە هیچ شەفافیەت و چاودێریەکی تیێدا نیە. پێدەچێت پارتی پشکی هەبێت لەو پارانەی بە ناوی قەرزەوە لە بودجەی گشتی، مانگانە دەچێت بۆ کۆمپانیاکانی نەوت.

سەرباری ئەوانە، بڕیارە پارەکە بچێتە بانکێک لە ئیمارات کە پارتی و بنەماڵە پەیوەندیەکی پتەویان هەیە لەگەڵیاندا، بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک لە ئایندەدا ڕویدا لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا؛ ئیمارات بە ئاسانی پارەکانیان بداتەوە.

٢-پارتی داوای لە حکومەتی عێراق کردوە، کە بودجەکەی دەینێرن، لەژێر (هەژمونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم)دا بێت؛ بۆ ئەوەی وەکو جاران (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین)ی لێ بێبەش بکەن.

بە واتایەکی تر، پارتی لە بۆسەدایە بۆ ئەم دەڤەرە و ڕازی نیە، کە (٥٧٪ ی پارەکە بچێت بۆ زۆنی زەرد و ٤٣٪ی بێت بۆ زۆنی سەوز). مەبەستیانە هەموو پارەکە بچێتە ژێردەستی سەرۆکی حکومەت و ئەویش بە ویستی خۆی مامەڵەی پێوەبکات و ستەم لەم دەڤەرە بکات.

لە زەمانی بریمەرەوە، بڕیار دراوە، کە بانکی ناوەندی عێراق جگە لە بەغداد، چوار لق بکاتەوە لە (بەسرە، موسڵ، هەولێر و سلێمانی). لقەکانی بانکەکە دەمێکە لە سێ شارەکەی تر کراوەتەوە؛ بەڵام (حکومەتی هەرێم) ڕێگە نادات لە (سلێمانی) بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پارەی ئەم سنورەش بچێتەوە ژێر دەستی پارتی لە هەولێر و دەستی بەسەردا بگرن و موچە و بودجە نەنێرن یان دوای بخەن، بۆ پەکخستنی ئابوری ئەم دەڤەرە.

٣- ڕاستە پارتی ڕازیبووە نەوتەکە لە ڕێی عێراقەوە بڕوات، بەڵام بیرە نەوتیەکان و بۆریەکانی گواستنەوەی لەژێر دەستی خۆیاندایە و داواکارن مانگانە حکومەتی عێراق (پارەی گواستنەوەی نەوتەکە بدات بە کۆمپانیای کار)، کەهی خۆیانە.

خواستی پارتی ئەوەیە گازەکەش بە بۆری بە سنووری ئەواندا بچێت بۆ تورکیا؛ بۆ ئەوەی هەم کرێی گواستنەوەی وەرگرن، هەم دڵی تورکیا ڕازی بکەن، هەم هەر کاتێک ویستیان وەکو کارتی فشار بۆ سزادانی ئەم سنورە، ڕێبگرن لە ناردنی.

ئەگەر ئەم دەڤەرە فریای خۆی نەکەوێت، ڕەنگە هەمان سیناریۆی سزادانەکان بەردەوام بێت، و وەکو زەمەنی ئابوری سەربەخۆ، توشی نسکۆ و نشێوێکی تر ببینەوە.

بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە، کە لە یاسای موازەنەی عێراقدا، هەرێمی کوردستان لە یەک (حەقل) بازنەوە بکرێت بە دوو بازنە و پارە بۆ دوو زۆنەکە بەجیا بێت بۆ ئەوەی هیچ لایەک نەتوانێت زوڵم لە لاکەی تر بکات. یان هەر پارێزگایەکی هەرێم لە یاسای موازەنەی عێراقدا وەکو بازنەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەجیا موچە و بودجەی بۆ بێت.

ڕێگاکەی تریان، کاراکردنەوەی (پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینە). لەو ڕێیەوە (٤٣٪ ی ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت)، ڕاستەوخۆ بێت بۆ ئەم زۆنە بۆ موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان. بەم شێوەیە ڕزگارمان دەبێت لە چەوساندنەوە و هیچ حزبێک ناتوانێت لە پایتەختەوە ئەم دەڤەرە توشی برسێتی و هەڵدێر بکات.

بابەتی پێشتر

دوو پارچە زەویی 7 ملیار دۆلاری لە هەولێر بە سەرمایەدارێك دەدرێت

بابەتی دواتر

وەزارەتی نەوتی عێراق: هیوادارین بەمزووانە لەسەر نەوتی هەرێم بگەین بە رێككەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share