خالید شوانی: رێككەوتنمان لەسەر ئەو دەقەی یاسای هەڵبژاردن نەكردووە كە پەسەندكرا

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، لە وتووێژەكانی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردن بەشداربوون، بەڵام رێككەوتنیان لەسەر ئەو دەقە نەكردووە كە پەسەندكرا و دەشڵێت، لەسەر تێپەڕاندنی ماددەی پەیوەست بە كەركوك شاخەوان عەبدوڵا وتوویەتی بەرپرسیارێتییەكەی هەڵدەگرم.

خالید شوانی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا رایگەیاند، وەك یەكێتی بەشداربوون لە وتووێژەكانی پەیوەست بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەڵام لە رێككەوتن لەسەر ئەو دەقەی پەسەندكرا بەشدارنەبوون.

شوانی لە لێدوانێكدا بۆ میدیایەكی نزیك لە پارتی وتیشی، “داوایانكردووە لەكاتێكدا لایەنەكانی دیكە باس لە ئاوارە دەكەن، ئێمەش بڵێین هاتوو (وافد) هەیە، دەبێت ناوی ئەوانیش بسڕدرێتەوە”.

روونیشیكردەوە، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران وتی ئەو دەقە دەخاتە ناو پڕۆژەكەوە، بەڵام كاتژمێر 1:30 شەو ئاگاداریكردووەتەوە كە بڕگەی هاتوو (وافد) لادەبن، بەهۆی ناڕەزایی لایەنەكانی دیكەوە، ئەویش پرسیاری ئەوەی لێكردووە، “ئەگەر ئەوان قبوڵیان نییە، ئێمە بۆ قبوڵی بكەین”.

خالید شوانی ئاماژەی بەوەكرد كە وەڵامی شاخەوان عەبدوڵا ئەوەبوو كە “من ئەم ماددەیە تێدەپەڕێنم و ئەو وشەیەش دەسڕمەوە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم و، تەحەمولی بەرپرسیارێتییەكەی هەڵدەگرم”.

دوای دەستكاریكردنی ئەو بڕگەیە ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیاری حزبەكەی بە سەرۆك فراكسیۆن گەیاندووە كە وەك یەكێتی بڕیاریان ئەوەیە دەنگنەدەن و وتی، فراكسیۆنی یەكێتی لە هۆڵی پەرلەمان “دەنگیان بە ماددەكەی پەیوەست بە كەركوك نەدا، هەم دەنگیان بە كۆی یاساكە نەدا”.

دەربارەی ئەوەش چی دەكەن دوای پەسەندكردنی یاساكە، خالید شوانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ میدیایەكی عێراقی ئەوەی خستەڕوو، هەنگاو و رێوشوێنی یاسایی و سیاسییان دەبێت و كاری لەسەر دەكەن.

دووپاتیشیكردەوە، “ئامادەكاری دەكەین بۆ هەڵبژاردن بە هەموو تواناكانمانەوە، پێشبینمان ئەوەیە كە زۆرینە بەدەستدەهێنین، زۆرینە بوونیشمان مانای بێبەشكردنی پێكهاتەكانی دیكە ناگەیەنێت. بەڵكو وەكو یەكێتی ئەگەر تەواوی كورسییەكانیش بهێنین، ناچین ئیدارەیەك بە تەنها پێكبهێنین بەبێ عەرەب و توركمان”.

 

بابەتی پێشتر

نوێترین هەواڵ لەسەر دۆخی مێسی

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی بۆ جەژنی ئەکیتۆ: کوردستان شانازی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانە دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share