بەهۆی راگرتنی گرێبەستی کارمەندەکانییەوە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید داخرا

نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی گرێبەستی کارمەندەکانەوە ماوەی مانگێکە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان داخراوە.

د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشید بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئێمە لە نەخۆشخانەکەمان کۆمەڵێک پەرستاری سەردەمی کۆرۆنامان هەبوو کە ژمارەیان 18 کارمەندێک دەبوو، کە خزمەتێکی زۆریان دەکرد لە زەمەنێکدا کە کەس نەیدەوێرا چارەسەری تووشبوانی کۆرۆنا بکات، بەو هۆیەشەوە هەندێکیان ژیانیان کەوتە مەترسییەوە، تەنانەت کارمەندمان هەبووە بەهۆی کارەکەیەوە دایکی تووشی کۆرۆنا بووە و گیانیلەدەستداوە، لە دوای تەواوبوونی کۆرۆناش ئێمەش لە بەشێکی هەستیاری نەخۆشخانەکەمان دەواممان پێدەکردن کە بەشی چاودێریی چڕە و لەوێش خزمەتێکی باشیان پێشکەش دەکرد”.

باسی لەوەش کرد، “لەبری ئەوەی حکومەت بەوەفا بێت بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەشیان کرد و پاداشتیان بداتەوە، گرێبەستەکانیان راگرتوون و ئەوانیش کارەکانیان بەجێهێشتووە، بەهۆیەوە بەشی چاودێریی چڕمان پەکی کەوتووە و رۆژانە منداڵێکی زۆر ناچاردەبن یان ببرێنە نەخۆشخانە ئەهلییەکان یان بەداخەوە ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە”.

ئاشکراشی کرد، “ئەوەی ئێستا هەیە بەردەوام بێت، حکومەت کەرتی گشتیی ئیفلیج دەکات و خزمەت بە کەرتی تایبەت دەکات لە بواری تەندروستیدا”.

بابەتی پێشتر

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای چەمچەماڵ چەند هەلێکی کار رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

كەشناسی: بارانبارین بەردەوامدەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share