فەرماندەی پێشوی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێتە وەزیری بەرگری

وابڕیارە جۆبایدن، سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا، لیۆید ئۆستین، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا بکاتە وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە.

بەپێی زانیارییەکانی میدیا ئەمریکییەکان جۆبایدن دەیەوێت لە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکادا کەسێکی ڕەشپێست بکاتە وەزیری بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

لیۆید ئۆستین، ژەنەڕاڵی خانەنشینکراوی هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا، پێش ئەوەی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا “پەنتاگۆن” بچێتە دەرەوە جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا بووە.

بە دیاریکردنی وەزیری بەرگری و وەزیری دەرەوە و دادوەری و دارایی، پۆستە گرنگەکانی ئیدارە نوێیەکەی جۆبایدن لە ئەمریکا بناغەکەی دادەنرێت.

دیاریکردنی “ڕەشپێستێک” بۆ پۆستێکی هەستیاری وەک وەزارەتی بەرگری ڕەنگە بۆ جۆبایدن شتێکی نامۆ نەبێت و تەنها جێبەجێکردنی بەڵێنێکیەتی کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاند، “لەکاتی دەرچونم و ڕۆشتنم بۆ کۆشکی سپی تابۆی پۆستەکان دەشکێنم بۆ ڕەشپێست و ژنان و دەکرێت ئەوان هاوکاری باشی ئێمە بکەن لە ئیدارەی نوێدا”.

بایدن دەیەوێت بە پڕکردنەوەی پۆستەکانی وەک دامەزراوەی زانیاری میلی و وەزارەتی دارایی بە ژن، هەروەها دانانی کەسێکی ڕەشپیست لە پۆستێکی هەستیاردا، کۆتایی بە فۆڕمی پیاوسالاری و سپیپێستانە بهێنێت.

ئێستا ژەنەڕاڵ لیۆید ئۆستین تەمەنی 67 ساڵە و لە سەردەمی سەرۆکی باراک ئۆبامادا فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئاسیای ناوەندی.

بابەتی پێشتر

دۆلار بەردەوامە لە بەرزبوونەوە

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، سێشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share