كاروان گەزنەیی: حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات

كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە داتا و ژمارە وەڵامێكی كورتی هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە و دەشڵێت، حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات و نە پارە دەنێرێت و نە ڕێگە بە تەواوبوونی پڕۆژەكانی دەدات.

كاروان گەزنەیی لە پۆستێكیدا نووسیوویەتی، وەڵام و تەحەدایەك بۆ وتە و ژمارە پڕ لە چەواشەكارییەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە چەند داتا و ڕەقەمێكی بڵاوكردووەتەوە و پێویستە لێرەوە بە شێوەیەكی ئەكادیمی بۆی ڕاستبكرێتەوە و وەڵامی بدرێتەوە:-

یەكەم: باس لەوە دەكەن كە مانگانە 356 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت،

– مانگانە لە فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان كە زیاترە لە یەك ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلار، تەنها 187ملیۆن دۆلار دەنێرێتە سلێمانی كە دەكاتە 280 ملیار دینار. واتا مانگانە سلێمانی كورتهێنانێكی كەڵەكەبوونی هەیە كە زیاتر لە 50 ملیار دینار بەهۆی نەناردنی پارە لە حكومەتەوە.

دووەم: باس لەوە دەكەن كە لە كابینەی نۆیەم، بڕی 16 ترلیۆن دینار لە كۆی 40 ترلیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجكراوە،

– لەم پارەیەی باسدەكرێت بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی خەرجكرابێت، یەك دیناریش خەرجنەكراوە، سەرۆكی حكومەت هەموو جارێك كە بڕیاری پارە خەرجكردنی داوە، لەسەر بودجەی سلێمانی بووە كە هیچ پارەیەك نەبووە و پێشتر پارەداری مووچەی پێكراوە.

– نموونە، هەموو پڕۆژەكانی ئەم پارێزگایە بەهۆی نەبوونی بودجەوە وەستاون، لە ناویاندا دووسایدی ڕانیە-سلێمانی، كەلار و سەد مەتری و تەواوی پڕۆژەخزمەتگوزارییەكانی دیكە، كە نزیكن لە دوو هەزار پڕۆژە.

سێیەم: لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، بەو پەڕی تەحەدداوە دەنووسم، كە ئیدارەی سلێمانی زیاتر لە یەك ترلیۆن دیناری داوە بە مووچەی ئەو پارێزگایە لەبەر ئەوەی حكومەت نەیناردووە و دەبوو ئەم پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرجبكرێت.

چوارەم: باس لە چاكسازییەكانی حكومەت دەكرێت، كام چاكسازی؟.. ئەوانەی كە لە دوای چاكسازی داهاتی نەوت بەوتەی خۆیان 100 ملیۆن دۆلار كەمیكرد؟.. یان ئەو چاكسازییە كە لە مووچەكرا، كە پێشتر 850 ملیار بوو و لەگەڵ چاكسازی بوو بە 900 ملیار دینار.

پێنجەم: حكومەت گەمارۆیەكی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات و نە پارە دەنێرێت و نە ڕێگە بە تەواوبوونی پڕۆژەكانی دەدات، لە كاتێكدا زیاتر لە ترلیۆنێك دۆلار داهاتی هەرێمە و ئەم پارانە دیزە بەدەرخۆنە دەكرێن؛ تەنانەت داهاتی حانووتی خوێندنگەكانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر، نەك هەر پارە لە هەولێرەوە نایەت.

دەشڵێت، “لێرەشەوە تەحەددای جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكەم، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ژمارە ناڕاستەكانییان، هەر كەناڵێك خۆیان دەستنیشانی دەكەن بۆ هەر كاتێك با دیبەیتێك ساز بكەین لەسەر كۆی ئەم پرسانە و دوای بینینی بەڵگەكانیش با خەڵكی كوردستان بڕیار بدات”.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی.. هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك ئەنجامدرا

بابەتی دواتر

ستران عەبدوڵا: یەکێتی کێشەی خەڵکی لەگەڵ ئەم تەرزە حوکمڕانییەی پارتی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share