بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ساڵیادی كۆچی مام جەلال: یەكێتیمان بەرەو ڕێگە ڕاستەقینەكە ئاڕاستەكرد

سەرۆكی یەكێتی لە پەیامێكدا بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال ڕایدەگەیەنێت، بڕیارە دروست و مێژووییەكەمان دا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە ڕاستەقینەكە ئاڕاستەكرد و دەشڵێت، “بە ویژدانێكی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان ئەنجامدا كە لێمان چاوەڕێدەكرا”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامەكەیدا ڕایگەیاند، باوکی ئازیزم، پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی ڕاستگۆیی، دڵێکی پڕ لە هیوا و ویژدانێکی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی، كوردستان و عێراقەوە بۆت بنووسم.

بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوکاتەی بە ورەیەکی پۆڵایین و هێزێکی لەبن نەهاتووەوە وەک رێبوارێکی رێگای ئازادی و شکۆمەندی، خەمی کورد و کوردستانت کردە کۆڵ و ژیانت کردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانەی هەرگیز سازشت لێنەکرد. ئامانجێک کە خۆی لە بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد، دادپەروەری، دیموکراسی، تەبایی و پێکەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێکانتدا هەر لەو پێناوەدا بوو”.

“لای هەمووان روون و ئاشکرایە پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپکەگوڵەکەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەنگەرێک بێت بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و دۆزە رەواکانی گەلی کورد. وێستگەیەک بێت بۆ کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و تەندروست” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتی-دا هاتووە و ئەوەشی خستەڕوو، “بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك ڕێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەكەمان دا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد. بەڵێنمان بە ڕۆحی تۆ و خەڵکە دڵسۆزەکەماندا یەکێتییەکەت وەک چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر ڕێچکە تەندروستەکە و هەموو ئۆرگانەکانمان کردووەتە ناوەندێک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان. ئەمەش هەر ئەوەبوو کە تۆ دەتویست”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیكردەوە، دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵكەكەمان ڕاستگۆبین. لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین كە وەرمانگرتووە. یەكێتی هەڵگری سیاسەتێكی حەكیمانە و تەندروست بێت وەك ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەكرد. بەدیدگایەكی نیشتمانییەوە كار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان بكەین و خزمەتی خاك و خەڵكە خۆشەویستەكەمان بكەین. هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێكەوەژیان بدەین. ڕێز لە جیاوازییەكان بگرین و دەرگامان بەڕووی ڕەخنە و گلەییەكاندا كراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەك فەراهەم بكەین كە تاكەكان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بكەن. دەزانین رێگەكەمان سەختە و بەربەستەكان زۆرن، بەڵام بەڵێنێكە و داومانە (نەسرەوتن تا سەركەوتن).

ئاماژەشیدا، ساڵی ڕابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی كۆچتدا بۆم نووسیت هەر بڕیارێك داومانە و دەیدەین لەپێناو چاكەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێك بە ویژدانێكی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان ئەنجامدا كە لێمان چاوەڕێدەكرا. ڕێگریمان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی كردووە و ڕووبەڕووی نایەكسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەكارهێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە كردووە. یاساشكێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لە پێشینەی ئەركەكانمان داناوە. لە بوارەكانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشكەشكردووە و بەردەوامیش دەبین.

سەرۆكی یەكێتی ڕوونیشیكردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا عێراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆككۆماری بوویت، بەدۆخێكی هەستیار و تەنگژەیەكی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێكی سادە بۆ دۆخەكە ئەو ڕاستییەی دەردەخست كە كۆچی تۆ چ بۆشاییەكی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستكردووە، بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوهەری تۆ لە هەوڵەكانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و كۆكردنەوەی لایەنەكان لەپێناو هاوبەشیی ڕاستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی حەكیمانەی تۆی پەیڕەوكرد و هەمووان شاهیدی ئەو ڕاستییەمان بۆ دەدەن كە بەشێك بووین لە چارەسەر نەوەك ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە كۆتایشیدا دەڵێت، “یادت بەخێر شكۆی نەتەوە و نیشتمان، مێژوو بە شانازییەوە ناوت دەهێنێت”.

بابەتی پێشتر

نووسەری "كۆتایی مێژوو" پێشبینی داڕمانی ڕوسیا لە ڕۆژانی داهاتوودا دەكات

بابەتی دواتر

زیقار.. بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share