بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی وردەكاریی پێدانی قەرزی كشتوكاڵی بەو كەسانە ئاشكرادەكات كە بیرۆكە و پڕۆژەیان هەیە و دەیانەوێت سوودمەندببن لە وەرگرتنی ئەو قەرزەی كە لە ڕێگەی بانكێكی ئەهلییەوە دابیندەكرێـت.
شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ بانكێك واژووكراوە بۆ وەرگرتنی قەرز بۆ ئەو كەسانەی كە بیرۆكەی كشتوكاڵیان هەیە و وتیشی، پێشنیاز و پڕۆژەكەیان دەدرێتە ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكەین و ئەگەر گونجاو بوو بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی بەرزدەكرێتەوە و دواتر ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت و دەنێردرێت بۆ بانكی قرتاسی ئیسلامی كە پێدانی قەرزەكە لە 15 ملیۆن دینارەوە دەستپێدەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بواری كشتوكاڵییە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو قەرزە بەبێ سوود(قازانج) دەدرێت و پارەكە نادرێتە دەست ئەو كەسەی بیرۆكەكەی هەیە، بەڵكو پڕۆژەكەی بۆ دروستدەكرێت و تا شەش مانگ داوای بەرهەم و قەرزەكەی لێناكرێتەوە و دوای ئەو وادەیە دەستدەكرێت بە وەرگرتنەوەی قەرزەكە بەپێی ڕێژەی بەرهەمەكە قەرزەكە لە سوودمەندبوو وەردەگیرێتەوە.
ئاشكرایكرد، “لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بانگەوازی بۆ دەكەین و ئەو كەسانەی خوازیارن سوودمەندبن دەتوانن داواكاری پێشكەشبكەن”.