ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپییەوە ڕوونکردنەوە دەدات

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ئەمساڵ ڕایگەیاند، داواکاریمان پێشکەش بە وەزارەت کردووە و تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، “ئەگەر دەستپێبکات لە مەڵبەندی حەوتەوە دەبێت کە پار لەوێدا وەستا”.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ هیچ بڕیارێک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە نەنێردراوە باس لە دابەشکردنی نەوتی ماڵان بکات.

بەپێی وتەی سەرۆکی لیژنەکە، ئەوان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داواکارییەکیان پێشکەش بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دابەشکردنی دوو بەرمیل نەوت یەکێکیان بێ بەرامبەر و ئەوی تریان بە نرخی کەمتر لە 250 دینار بۆ هەر لیترێک.

دەڵێت، “تا ئێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵامی نەداوینەتەوە”.

باسی لەوەشکرد، ئەگەر هەر بڕیارێک بدرێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی لەو شوێنەوە دەستپێدەکرێت کە ساڵی ڕابردوو تێیدا وەستاوە، کە مەڵبەندی حەوتە.

کەریم عەلی وتی، “پێشتر داواکارییەکمان پێشکەش بە وەزارەتی نەوتی عێراق کرد بۆ ناردنی نەوت، بەپێی ئەو وەڵامەی دکتۆر بڕیاری پەرلەمانتار داوییەتی بە ئێمە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی 15 ملیۆن لیتر نەوتی سپی داوە”.

باسی لەوەکرد، ئەو بڕەی عێراق ئەگەر ڕەوانەشبکرێت کەمە سلێمانی پێویستی بە 110 ملیۆن لیتر هەیە بۆئەوەی بتوانرێت هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێبدرێت.

ئاماژەی کەمتەرخەمیی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرد و وتی، ساڵی پار وەزیری سامانە سروشتییەکان بەڵێنی دا هەر ماڵێک لە هەر شوێنێکی کوردستان یەک بەرمیل نەوتی پێبدرێت، بەڵام بەڵێنەکەیان نەبردەسەر، ئەمساڵ تا ئێستا هیچ بڕیار و بەڵێنێکیش بوونی نییە.

بابەتی پێشتر

ئازاد محەمەد ئەمین لەبارەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵییەوە: شتى گه‌وره‌تر ده‌بینین

بابەتی دواتر

هەولێر.. نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ دەستگیرکران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share