وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بڕیاری ڕێكخستنەوەی ڕاژە سەرجەم وەزارەت و دەستەكان دەگرێتەوە، جەختیشدەكاتەوە پەیكەربەندیی ئەنجومەنی ڕاژە هەنگاوی زۆرباشی بڕیوە و ڕاژەی فەرمانبەرانیش بەپێی پلەی پسپۆڕی و پێویستیی فەرمانگەكان ڕێكدەخرێنەوە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەنجومەنی ڕاژە دەستیان بە كارەكانیان كردووە و قۆناغی زۆرباشیان بڕیوە و لەئێستادا پەیكەربەندیی ئەنجومەنەكەیان داڕشتووەتەوە بە وردی كاردەكەن و چەند كۆبوونەوەكەیان ئەنجامداوە.
ئاشكرایكرد، بڕیاری ڕێكخستنەوەی ڕاژەی فەرمانبەران سەرجەم وەزارەت و دەستەكان دەگرێتەوە بە جۆرێك كە سەرلەنوێ فەرمانبەران بەپێی پلەی پسپۆرییان ڕێكدەخرێنەوە هەر فەرمانگەیەك پێویستی بە ڕاژەیەك هەبێت بۆی دابیندەكرێت لەسەر ئەو بنەمایە كاردەكرێت كە ئەوەش لە بەرژەوەندیی سەرجەم فەرمانبەراندایە.