ئێستا نوێترین زانیاری لەبارەی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانەوە بڵاودەكاتەوە

ئەو خانووە بێتاپۆیانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە تاپۆدەكرێن و كاربەدەستێكی حكومەت لەبارەی تاپۆكردنی زەویی زیادەڕۆییەوە بۆ ئێستا دەدوێت.

عوسمان ئەنوەر محەمەد بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ، لەبارەی تاپۆكردنی ئەو خانووانەی بە شێوەی زیادەڕۆیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروستكراون دوا و ڕایگەیاند، تا ڕۆژی 9ی 9ی 2022 دەبێت خاوەنی خانووەكان داواكاریی پێشكەش بە پارێزگا بكەن بە مەبەستی تاپۆكردنی خانووەكانیان، دوای ئەو ڕێكەوتە مامەڵەكانیان وەرناگیرێن.

وتیشی، “بەپێی بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2019ی هەمواركراوی 7ی ساڵی 2021ی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت خانووە بێتاپۆكان تاپۆبكرێن، بەڵام مەرجە خانووەكە تا 31ی 12ی 2020 دروستكرابێت”.

ئەو كاربەدەستەی حكومەت كە نووسراوی بۆ ئەنجومەنی تووەسپی (یەكێك لە گەڕەكە زیادەڕۆكانی سلێمانی) كردووە دانیشتووانی گەڕەكەكە ئاگاداربكاتەوە مامەڵەی تاپۆكردنی خانووەكانیان ئامادە بكەن، ڕایگەیاند، لە هەر گەڕەك و ناوچەیەك كە بڕیاری تاپۆكردنی خانووەكانیان دەرچووە، ئەو هاوڵاتییانەی موڵكەكانیان بەر شەقام یاخود پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گشتی دەكەون، بە پێدانی پارچە زەوی لە هەمان سنوور یاخود لە ناوچەیەكی تر قەرەبوودەكرێنەوە.

تۆڕی میدیایی ئێستا پرسیاری چارەنووسی ئەو زەوییانەی كرد كە هێشتا خانوویان لەسەر دروستنەكراون، لە وەڵامدا عوسمان ئەنوەر وتی، “زەوییەكان دوای دەستبەكاربوونی شارەوانی لە ڕێگەی لیژنەیەكەوە چارەنووسیان یەكلادەكرێتەوە”.

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا كە لە سەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستیكەوتوون، دوای خانووەكان، زەویی زیادەڕۆ لە سنووری ئەو گوند و گەڕەكانەدا تاپۆدەكرێن و تاپۆكردنی خانووەكانیش “بە نرخێكی ڕەمزی دەبێت كە نزیكەی 25 هەزار دینار دەبێت بۆ هەر مەترێكی دووجا”.

بابەتی پێشتر

تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

سەرکردەیەکی فەتح لە هێرشێکی ئیسرائیلدا کوژرا و 30 فەڵەستینیش برینداربوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share