پوتین گەیشتە تاران

دیدارێكی پێشووی ئیبراهیم ڕەئیسی و ڤلادیمێر پوتین

سەرۆكی ڕوسیا گەیشتە تاران-ی پایتەختی ئێران و بڕیارە كۆبوونەوەی لوتكە لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی هاوتا ئێرانییەكەی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا ئەنجامبدات.

كۆبوونەوەكە تایبەت بە پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە سوریا و ئۆكرانیا دەبێت.

بڕیاریشە ڤلادیمێر پوتین چاوی بە عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بكەوێت.

لەكاتێكی پێشتردا دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتیی ڕوسیا ڕایگەیاند، پڕۆسەی یەكلاكردنەوەی دۆخی سوریا بەشێوازی ئەستانا لەژێر چاودێریی ڕوسیا، توركیا و ئێران لە پێشەنگی وتوێژەكانی سەردانەكەی پوتین بۆ تاران دەبێت.

لای خۆیەوە یۆری ئۆشاكۆڤ یاریدەدەری سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، پوتین، ئەردۆغان و ڕەئیسی پاش كۆبوونەوەكەی تاران ڕاگەیەندراوێكی هاوبەش واژوودەكەن، بە كردەییش ڕەشنووسەكەی ئامادەكراوە.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، گەیشتە تاران.

لە لوتکەی سێ قۆڵیی ڕوسیا، تورکیا و ئێران جگە لە هەناردەی گەنم و دانەوێڵەی ئۆکرانیا، یەکێک لە تەوەرەکان ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت.

لەوبارەیەوە پوتین خۆرئاوا بە هەوڵی ئیفلیجکردنی ئابوریی ڕوسیا تۆمەتباردەکات، بە سزای زۆر توند بەسەر ئەو وڵاتەدا کە بە ڕاگەیاندنی شەڕی ئابوری ناویدەبات، دەڵێت، ڕوسیا لە خۆرئاوا دووردەکەوێتەوە و ڕوودەکاتە چین، ئێران و هیندستان.

هەروەها بەشێکی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە ‌هەڕەشەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان، لەپێناو درێژکردنەوەی “ناوچەی ئارام” کە بەقوڵی 30 کیلۆمەتر بە درێژایی سنووری وڵاتەکە دەبێت.

لە دوو مانگی ڕابردوودا ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان كاتی ڕاگەیاندنی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

چاڤی لە ماڵەوە دانیشتووە و چاوەڕوانی (ESTA)یە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share