ڕێگری لە ئازادكردنی زیندانیانی بادینان دەكرێت

بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینان فۆتۆ: كەركوك ناو

نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایدەگەیەنێت، گروپێكی سەر بە پارتی ڕێگری لە ئازادكردنی زیندانیانی بادینان دەكەن، سەرباری ئەوەی ماوەی سزاکەیان تەواوکردوە.

ئەیھان سەعید ڕۆژنامەنووس و نوێنەری زیندانیانی بادینان ڕایگەیاند، پرۆسەی گرتن و ڕفاندنی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لەژێر حوکمڕانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ھەر لە یەکەم ڕۆژ تائێستا نایاسایی و نا دیموکراسییە، کاردانەوە و نیگەرانی نێوخۆیی و جیھانی لێکەوتەوە.

دەشڵێت، لەبری پێداچوونەوە و باشترکردنی دۆخەکە، ئێستا گروپێکی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت “دەستێوەردان لە کاروباری دادگا و چاکسازیی گەورانی ھەولێر دەکەن، ڕێگری لە ئازادکردنی زیندانیانی بادینان دەکەن، سەرباری ئەوەی ماوەی سزاکەیان تەواوکردووە”.

نوێنەری زیندانیان ئاماژە بەوەشدەكات، بەپێی بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لە 50%ی سزاکەیان لەلایەن سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە و، لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە 23ی بنەما دادگاییەکان (اصول محاكمات الجزائية)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرطي) ماددەی 331، سزای زیندانیانی بادینان تەواوبووە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون و پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێن.

گروپی یەكەم لە 2021/2/16 بە شەش ساڵ سزادران کە پێکدێن لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ھاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم و گوھدار زێباری).

گروپی دووەم لە 2022/5/16 بە دوو ساڵ سزادران کە پێکدێن لە (مەحمود ناجی، نێچیرڤان بەدیع، ئەمجەد شوکری، کۆڤان تارق و یوسف ئیبراھیم).

ڕوونیشیدەكاتەوە، چاوەڕێی ئەوە بووین ئەم جەژنە بە ھاتنی کەسوکارەکانمان لە زیندان بە خۆشی بکەین کە مافێکی یاساییانە نەک منەت، بەڵام بەداخەوە ھێشتا زیندانیانی بادینان سزادەدرێن و ڕۆژنامەنوس (قارەمان شوکری) کە بەبێ پارێزەر حەوت ساڵ سزادراوە ھیچ پێداچوونەوەیەک بە دوسیەکەیدا ناکرێت و (شێروان سەعید سیاری و رۆژگار رزگار) و دەیان زیندانی دیکە زیاتر لە چوار ساڵە بە نایاسایی لە ئاسایشی گشتی ھەولێر ڕاگیراون و دادگایی ناکرێن.

لە كۆتاییشدا نوێنەری زیندانیان دەڵێت، “ئەم ھەموو یاساشکێنی و ڕقە سیاسییە پێمان دەڵێت کە گروپێک لەنێو پارتی دا بە بیرکردنەوەیەکی سادیزمانە چێش لە ئازاردانمان و سەرکوتکاری و ترس و توقاندنە دەبینێت، ئەم ھەرێمە بەرەو ئاقارێکی زۆر خراپ دەبات”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەینێ گەورەترین یەكەی چاودێریی تایبەت بە منداڵان لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی دەكرێتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان رایدەگەیەنێت، سبەینێ گەورەترین یەكەی چاودێریی وردی تایبەت بە منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی فێركاریی دكتۆر جەمال…
Total
0
Share