پاڵاوگەی لاناز كەوتەكار و بەنزینی بە نرخی بازرگانی فرۆشتووە

ئەو پاڵاوگەیەی چاوەڕوان دەكرا بە كەوتنەكاری ببێتەهۆی دابەزینی نرخی بەنزین، عەلی حەمەساڵح دەڵێت، بەنزینی بە 1210 دینار فرۆشتووە و گازوایلەكەش بەبێ مۆڵەت دەباتە دەرەوە.

عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، پاڵاوگەی لاناز، بە کوالێتییەکی زۆر باش بەنزین و گازوایل بەرهەمدەهێنێت. نەوتی خاو لە سوریا و عەینزالەوە دابیندەکات، كە ئەمەش واتە نەوتی خاو نرخێكی گران لەسەری ناكەوێت.

وتیشی، “لاناز ئێستا بەنزین بە كوالێتییەكی باش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەم بەنزینە بە بازرگانی و بەنرخێکی گران دەفرۆشرێت، ئەمڕۆ حەوت ملیۆن لیتری فرۆشتووە، لیترێکی بە کۆ (جوملە) دراوە بە 1210 دینار”.

پاڵاوگەكە گازوایلیش بەرهەم دەهێنێت، عەلی حەمەساڵح ڕوونیكردەوە، ئێستا گازوایلی لاناز ڕۆژانە ڕەوانە تورکیا دەکرێت، بۆ ناوخۆش لە ڕۆنی پاشماوەی ئۆتۆمبیل و چەند ماددەیەکی کیمیاویی مەترسیدار لە گۆڕەپانە بێمۆڵەتەکان (گازوایل) دروستدەکرێت!

دووپاتیشیدەكاتەوە، گرانی گازوایل لە ناوخۆ و خراپیی کوالێتییەكەی، مەترسییەکی گەورەیە.

سەرۆكی لیژنەی وزە ڕوونیشیدەكاتەوە، بۆ دابینكردنی گازوایل و بەنزین بە نرخێکی گونجاو پاڵاوگەی لاناز دەتوانێت ڕۆڵێکی باشی هەبێت، بەڵام بەم بازرگانییەی ئێستا هیچ سودێکی ئەوتۆی نیە.

خاوەندارێتیی پاڵاوگەكە بۆ یاسر مەنسور مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە وەك ئەوەی پێشتر خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕێکی ئەمریکی ئاشكرایكردووە.

یاسر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی einnews وتوویەتی کە ئەو خاوەنی کۆمپانیای سیکوریتی بلاک وۆڵف و پاڵاوگەی نەوتی لاناز-ە.

بابەتی پێشتر

CPT: لە یەک مانگدا 20 مەدەنی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی

بابەتی دواتر

وەتس ئاپ ئەو وشەیە لادەبات كە چەندین كەسی لە یەكتر كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share