دەزگای لوتكە: كۆچی نایاسایی لە هەرێمەوە درێژەی هەیە

ڕێكخراوێكی بواری پەنابەران دەڵێت، سەرەڕای ڕووداوەكان كۆچی نایاسایی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامی هەیە داواشدەكات لەپێناو كەمكردنەوەی كۆچ ڕەوشی ژیانی خەڵك باشبكرێت.

دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ڕایگەیاند، بەداخەوە بەهۆی خەمساردی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دروستبووە، کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی دەرەوە و بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەوامی هەیە.

ڕێكخراوەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دەشڵێت، “ئەرکی هەموو لایەکمان و بەتایبەت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە هەوڵی جدی بدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو ڕێژە بەرزەی کۆچی نایاسایی كە لەئێستادا هەیە و بەداخەوە ڕوو لە زیاتربوونیش دەکات”.

لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەعش بەهۆی خۆشگوزەرانیی هاوڵاتییانەوە، كۆچی پێچەوانە لە ئەوروپاوە دەستیپێكرد و ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتییانی كورد گەڕانەوە، وەك ئەوەی دەزگای لوتكە ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، “دەکرێت ئەمە دووبارە بکرێتەوە، ئەمەش تەنها بە خەمخۆریی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت”.

داواشیكردووە لەپێناو کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان، ڕەوشی ژیانی هاوڵاتییان باشتربکرێت، لەڕێی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و کردنەوەی کارگە و زیاتر پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و ئابوریی وڵات، دوبارە بەگەڕخستنەوەی پێشینەکان و قەرزی بچوک و گەورە.

ئەمڕۆ 20ی حوزەیران لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ڕۆژی جیهانیی پەنابەران دیاریكراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەمساڵی ڕێكخراوەكە لە هەر خولەکێکدا 20 کەس شوێنەکانیان بەجێدەهێڵن بەشێوەی زۆرەملێ چ بەهۆی جەنگ، توندوتیژی یان تیرۆرەوە بێت.

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا دەزگای لوتکە ئاماری ئاوارە و پەنابەرانی عێراقیی لە هەشت ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لەو ماوەیەدا 690 هەزار و 444 هاوڵاتیی عێراقی بوون بە پەنابەر.

هەروەها 316 پەنابەری عێراقی گیانیان لەدەستداوە، 225 کەس بێسەروشوێن بوون.

بابەتی پێشتر

نەقیبی پزیشکانی پارێزگایەك: بەنزین بەبێ کۆبۆن بدەن بە پزیشکان

بابەتی دواتر

فیلمی براكانی لەیلا ڕاگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share