هەسەدە: هەڕەشەکەی تورکیا جددییە و هێزە نێودەوڵەتییەکان هیچ جووڵەیەکیان نەبووە

ئارام حەنا وتەبێژی فەرمیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، هەڕەشەکەی تورکیا جددییە و ڕەتیدەکاتەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان هیچ گۆڕانێک لە جێگەی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا کرابێت.

لە چەند ڕۆژی پێشوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندبوو، نیازیان هەیە هێرشی سەربازی بکەنەسەر ڕۆژئاوای کوردستان و دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی دەربڕی بەرامبەر هەر هێرشیکی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە.

لەمبارەیەوە، وتەبێژەکەی هەسەدە ڕایگەیاندووە، “هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی تورکیا جددین، چونکە هاوکاتی مانۆڕیکن لەسەر هێڵە سنوورییەکان کە لە مانگی پێشووەوە بەردەوامە”.

ئاماژەی بەوەش داوە، حکومەتی تورکیا “هەوڵدەدات گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بەدەستبهێنێت بۆ جموجووڵ” و بۆ ئەمەش “سەرقاڵبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جەنگی ئۆکرانیاوە دەقۆزێتەوە”.

وتیشی، حکومەتی تورکیا “هەوڵدەدات لەڕێی هەڕەشکردن و هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ئێمە، ڕووداوێک بدۆزێتەوە کێشە ناوخۆییەکانی وەک پاشەکشەی حیزبی دەسەڵاتدار و قەیرانی ئابوریی پێپەردەپۆشبکات، بەڵام هێزە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا ڕازینەبوون بە داواکارییەکەی تورکیا بۆ دەستکردن بە ئۆپەراسیۆنێکی داگیرکاری، کە بێگومان کاریگەریی لەسەر بارودۆخی مرۆیی و ئاساییش دەبێت لە ناوچەکەی ئێمەدا”.

ئارام جەختی لەوەش کردووەتەوە، “هیچ گۆڕانکارییەک لە شوێنەکانی بڵاوبوونەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکاندا نییە”، کە ئاماژەیە بۆ ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی بە سەرکردایەتیی واشنتن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا جێگیرن و لە پاڵ هێزەکانی ڕوسیادا، ساڵی 2019 و پاش پەلاماری تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردییەکان هاتوون.

بابەتی پێشتر

بۆکسێنەرێکی ئۆکرانی لە جەنگدا کوژرا

بابەتی دواتر

داهاتووی خۆراک چی لێدێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share