دوو پەرلەمانتار تەنها خوولەكێك قسەیان كردووە
پەرلەمانی كوردستان لە ساڵێكدا 31 دانیشتنی كردووە

ڕاپۆرتی چاودێریی هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەردوو وەرزی بەهارە و پاییزە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان، کە لەلایەن “ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان” بڵاوکراوەتەوە، چەندین داتا و ئاماری سەرنجڕاکێشی لەسەر کار و چالاکییەکانی پەرلەمانتاران خستووەتەڕوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، %82ی پەرلەمانتاران، كە دەكاتە 91 پەرلەمانتار، لە لاپەڕەی سەرەکیی پەرلەمانی کوردستان ئیمەیلیان نییە، پەی پێیوایە، “ئەمە مانای کەمتەرخەمی و خەمساردیی پەرلەمانتاران دەگەیەنێت و گرنگی بەوە نادەن ڕێگەی پەیوەندییان لەگەڵ هاوڵاتییان و دەنگدەرانیاندا هەبێت”.

لەگەڵ ئەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە ئامراز و هۆكارێكی گرنگ و سەرەكیی پەیوەندیكردن، بەڵام بەپێی ئامارەكەی “پەی”، %67.5ی پەرلەمانتاران، كە دەكاتە 75 پەرلەمانتار، لە ماڵپەری پەرلەمانی کوردستاندا هیچ تۆڕێكی کۆمەڵایەتییان نییە.

لەماوەی ئەو ساڵەدا، لە کۆی 111 پەرلەمانتاری كوردستان، 31 دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراون، تەنها 41 ئەندام پەرلەمان بەشداریی هەموو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە، لەكاتێكدا پەرلەمانتار هەیە لەو ساڵەدا  لە 10 دانیشتنی پەرلەماندا بەشداریی نەكردووە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە ماوەی قسەكردنی پەرلەمانتارانیش داوە، 20 ئەندامی پەرلەمان لەو ساڵەدا و لە کۆی 31 دانیشتنی پەرلەمان، كەمتر لە 10 خوولەك قسەیان كردووە.

هەروەها تەنها 9 ئەندامی پەرلەمان لە پەرلەماندا بیرۆکەیان خستووەتەڕوو، ئەمەش تەنها لە خولی گرێدانی بەهارەدا بووە و لە خولی پاییزەدا هیچ بیرۆکەیەک لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پێشکەشنەکراوە.

هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە ماوەی دوو وەرزی پەرلەماندا 29 پەیامی بڵاوکردووەتەوە، 21 پەیامی پیرۆزبایی، 6 پەیامی پرسەنامە و 2 پەیامی هاوخەمی، بەڵام هیچ سوپاسنامەیەکی ئاراستەی هیچ کەس و لایەنێک لەڕێی نووسراوەوە نەکردووە و ئیدانەی هیچ ڕووداو و پێشهاتێكیشی نەکردووە.

دوو پەرلەمانتاری یەكێتی و پارتی كەمترین قسەیان لەو ساڵەدا كردووە، هەژان حەسەن، پەرلەمانتاری یەكێتی تەنها 1:09 خوولەك لەماوەی ئەو ساڵەدا قسەیكردووە، هەروەها سەعید مستەفا تەتەرخان، پەرلەمانتاری پارتی 1:33 خوولەك لە ساڵێكدا قسەیكردووە.

گۆران ئینزیبات یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی بە دەنگێکی زۆر کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا تەنها نزیکەی 17 خوولەک قسەی کردووە.

هەروەها جەلال پەرێشان، كە زۆرترین دەنگی لیستی پارتیی دیموكراتی هێنا لە هەولێر، لەماوەی ئەو ساڵەدا  تەنها 21 خوولەك قسەیكردووە.

بابەتی پێشتر

پەرلەمان پارێزگارێكی لە پۆستەكەی دوورخستەوە

بابەتی دواتر

گەنجێك لە دوكان خنكا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share