پێنج ساڵ بەسەر مەرگی نەوشیروان مستەفادا تێدەپەڕێت

نەوشیروان مستەفا ئەمین

پێنج ساڵ لەمەوبەر لە بەیانیی ڕۆژی هەینی 19ی ئایاری 2017دا وتەبێژی ئەوكاتی بزوتنەوەی گۆڕان بە فەرمی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕانی ڕاگەیاند، ئەو سەركردەیەی خەباتی شاخی بە ڕاپەڕین و خەباتی سیاسیشی بە دامەزراندنی یەكەم بزوتنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستاندا بەئەنجام گەیاند.

بەهۆی نەخۆشكەوتنیەوە نەوشیروان مستەفا لە كۆتاییەكانی ساڵی 2015دا بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی ڕوویكردە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، پاش مانەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ لە 27ی نیسانی 2016 گەڕایەوە شاری سلێمانی.

جارێكی دیكە بەمەبەستی چارەسەر لە 3ی ئەیلولی 2016 چووەوە بەریتانیا و لە 13ی ئایاری 2017 گەڕایەوە سلێمانی بەر لەوەی شەش ڕۆژ دواتر كۆچی دوایی لە تەمەنی 73 ساڵیدا و دوای زیاتر لە نیو سەدە خەبات و كاری سیاسی ڕابگەیەندرێت و دواتر لە مەراسیمێكی جەماوەریدا لە گردی زەرگەتە لە سلێمانی بەخاكبسپێردرێت.

نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ساڵی 1944دا لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا)ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو و ڕۆشنبیریی شار لەدایکبووە. لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کار و چالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە.

قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردووە، پاشان لە ساڵی 1967 کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. لە ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان. لە ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە ڕۆژنامەنووس و نووسەرە دیارەکانی کوردستان، سەرەتای ئەو کارەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1969 کە خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ڕزگاری بووە، هەروەها لە ژیانیی سیاسییدا دەبێتە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەران و دواتر یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و تا ساڵی 2006 جێگری مام جەلال سکرتێری گشتی بووە.

لە ساڵی 2006دا دەستی لە یەکێتی کێشایەوە و کۆمپانیای وشەی دامەزراند، کە تایبەت بوو بە کاری ڕاگەیاندن، ئەمەش هەوێنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو، کە لە ساڵی 2009دا ڕاگەیەندرا و لە یەكەم هەڵبژاردندا توانی 25 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.

نەوشیروان مستەفا خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراوە، لەوانە “لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕەی ناوزەنگ، پەنجەکان یەکتری دەشکێنن، خولانەوە لە بازنەدا، کورد و عەجەم، ‘حکومەتی کوردستان، کورد لە گەمەی سوڤیەت دا‌، میرایەتی بابان لە نێوان بەرداشی ڕۆم و عەجەم دا، ‘کوردستانی عێراق، سەردەمی قەڵەم و موراجەعات‌، کارەساتی ھەکاری، کێشەی پارتی و یەکێتی، ئێمە و ئەوان، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، ئەدەب و تاریخی کوردی”.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەكی نوێ سوودێكی گرنگی خەوتن ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

کۆریای باکوور ئامادەکارییەکانی بۆ تاقیکردنەوەی چەكی ئەتۆمی تەواوکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share