باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد ئیدانەی ھێرشە موشەکییەکەی ناوچەی سەوزی کرد

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەم، بە توندی ئیدانەی ھێرشە موشەکییەکەی دوێنێی ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی بەغدادی کرد کە بووە ھۆی کوژرانی منداڵێک و برینداربوونی چەند ھاوڵاتییەکی دیکەی عێراقی.

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە توندی ئیدانەی ھێرشە مووشەکییەکەی دوێنێی ناوچەی سەوزی ناوەڕاستی شاری بەغدادی کرد و داوای لە حکومەتی عێراقی کرد کە ئەنجامدەرانی ئەو ھێرشە دەستگیر بکات و بە سزای خۆیان بگەیەنێت.

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە تویتەر نوسیویەتی، “ئەو ملیشیا لە یاسا دەرچووانەی کە لەلایەن سوپای قودسی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، بەردەوامن لە تێکدانی سەقامگیریی عێراق و کوشتنی ھاوڵاتییانی سڤیلی عێراقی و ھەڕەشەکردن لە سەروەریی عێراق“.

 

دوێنێ چەند مووشەکێک لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا کەوتنە خوارەوە،  لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار ھێرشی ھاوشێوە ئەنجامدراوە و کاروانی گواستنەوەی کەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە ڕابەرایەتی ئەمریکا لە چەند پارێزگایەکی عێراق لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج.

 

ئەمریکا، گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران لەنێویاندا حزبوڵڵا بە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە تۆمەتبار دەکات.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و دەیان کەس و لایەنی کردووەتە ئامانج

بابەتی دواتر

ئیسرائیل یەکەم ڤیدیۆی بە ئامانجگرتنی پێگە سەربازییەکانی سوریای بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار