ئەمریكا بڕیاری كەمكردنەوەی هێزەكانی لە عێراق و ئەفغانستان دەركرد

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت، تا 20ی كانونی دووەمی داهاتوو هێزەكانیان لە عێراق و ئەفغانستان بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز كەمدەكەنەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم ڕایگەیاند، دوو هەزار سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق دەكشێنێتەوە بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی دۆناڵد ترەمپ،ی سەرۆكی ئێستا.

بەمەش ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لە 4500 سەربازەوە بۆ 2500 و ژمارەیان لە عێراق لە 3000ەوە بۆ 2500 سەرباز كەمدەكرێتەوە.

دوێنێ سایتی سی ئێن ئێن بڵاویكردەوە، پەنتاگۆن ئاگاداكردنەوەیەكی ئاراستەی فەرماندەكانی كردووە بۆ پلاندانان بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ 2500 سەرباز لە ئەفغانستان و 2500 لە عێراق تا 15ی كانونی دووەم.

هەنگاوەكە پێچەوانەیە لەگەڵ پێشنیاری فەرماندە سەربازییەكان كە پێشتر جەختیانكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە هەر كشانەوەیەكی زیاتر مەرجدار بێت، دۆخی ئێستاش كشانەوەی زیاتر ناخوازێت.

لە 10ی ئەیلولی ڕابردوو جەنەڕاڵ كینیس ماكنزی، فەرماندەی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ سێ هەزار سەرباز كەمدەكرێتەوە و ئەوەش بووە گەورەترین هەنگاو كە ئیدارەی ئەمریكا لە ساڵی 2016وە بۆ كەمكردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بینێت.

 

بابەتی پێشتر

چەمچەماڵ.. لەماوەی 15 ڕۆژدا 56 تۆمەتبار دەستگیركراون

بابەتی دواتر

چوار كاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share