قائیمقامی سلێمانی: هیچ کەمییەکی خۆراک بوونی نییە و خۆراکی تەواو لە کۆگاکاندا هەیە

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکە، کە گەنجینەکان خۆراکی تەواویان تێدایە، ئێستاش دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی یەک بەردەوامە و ڕاستەوخۆ دواتر هی مانگی دووش دابەشدەکرێت، قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت، هیچ کەمییەکی خۆراک لە سلێمانی بوونی نییە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد کە لەگەڵ هەریەکە لە قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری بازرگانیی سلێمانی سەردانی کۆگاکانی خۆراکیان کردووە و دڵنیایی لە بوونی خۆراکی تەواو لە کۆگاکاندا دا.

وتیشی، ئێستا دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵ کە نیوەی دابەشکراوە بەردەوامی هەیە، هەر ڕاستەوخۆ دوای ئەویش بەشەخۆراکی مانگی دوو دابەشدەکرێت، هەروەها بەشە خۆراکی مانگی سێ و چواریش دەگاتە کۆگاکان.

جەختیکردەوە کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەڕین و هەڵەبجە هیچ گرفتێکی کەمیی خۆراک نییە.

هەر لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، “بەشەخۆراکی مانگی یەک زۆربەی جۆرەکانی تێدایە و بەڵێنی ئەوەشدراوە کە بەزووترین کات دابەشکردنی ئاردیش دەستپێبکات”.

ئاماژەی بەوەکرد، هاوشێوەی عێراق کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری لەسەرداوە لە مانگی ڕەمەزاندا دوو بەشەخۆراک دابەشدەکرێت.

سەبارەت بە دۆخی بازاڕ بەگشتی قائیمقامی سلێمانی وتی، دوێنێ لەگەڵ ژووری بازرگانی و بەشێک لە بازرگانەکانی سلێمانی کۆبوونەتەوە و دڵنیایی تەواویان پێدراوە لە بوونی خۆراکی پێویست لە کۆگاکان و هیچ کەمییەک لە خۆراکدا لە سلێمانی بوونی نییە.

گرانبوونی کاڵا خۆراکییەکان یەکێکە لە نیگەرانییەکانی خەڵک لەوبارەیەوە ئاوات محەمەد ڕایگەیاند، “ڕۆژانە لەڕێگەی چاودێریی بازرگانییەوە نرخی کاڵاکانمان پێدەگات، ئەو نرخانە بەراورد دەکەین بە نرخەکانی پێشوو، لەهەر شوێنێک بزانین گرانکردن و سوودوەرگرتنی خراپ لە دۆخی خەڵک هەیە ڕێکاری زۆر توند دەگرینەبەر”.

باسی لەوەکرد، لەگەڵ چاودێرییە بەردەوامەکانیاندا بۆ بەرزنەکردنەوەی نرخ دەبێت ئەوەش بزانرێت کە لە هەموو دنیا نرخی ئەمجۆرە کاڵا و کەلوپەلانە بەرزبوونەتەوە و کرێی گواستنەوە بەهەمانشێوە زیادیکردووە.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە و باسی مووچە ناكات

بابەتی دواتر

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح: به‌ داهاتى نه‌وتى مانگى ڕابردوو پاره‌ى مووچه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانیش هه‌یه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share