هەولێر.. زیندانیانی شیلادزێ و 75 زیندانیی دیکە بەدروشمی “ئازادی یان مردن” مانگرتنیان ڕاگەیاند

نوێنەری زیندانیانی بادینان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کردووە ڕایگەیاندووە، چالاکوانە ئەشکەنجەدراوەکانی شێلادزێ بە دروشمی “ئازادی یان مردن” لەگەڵ 75 زیندانی دیکە لە ئاسایشی گشتیی ھەولێر مانگرتنیان ڕاگەیاند.

ئەیھان سەعید چاودێری مافی مرۆڤ و نوێنەری زیندانیانی بادینان نامەیەکی ئاراستەی هەریەکە لە ڕای گشتی، یونامی و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و عێراق، پەرلەمانتاران و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ناوخۆ و جیھانی مافی مرۆڤ و میدیا و لایەنە سیاسییەکانی کردووە داوای هەڵوێستی جددی دەکات.

نوێنەری زیندانییەکان دەڵێت، ” ئەمرۆ سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گشتی ھەولێر پێی ڕاگەیاندین، پێنج چالاکوانی شێلادزێ کە نزیکەی ساڵێک و سێ مانگە ڕفێنراون لەگەڵ نزیکەی 75 زیندانیی دیکەی بادینان کە (بەشێکیان بەرپرسی پارتین لەسەر بیروڕای جیاواز سێ ساڵە بێ دادگاییکردن لە زیندانن)، لەژێر دروشمی “ئازادی یان مردن” مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند”.

دەقی نامە بڵاوکراوەکەی نوێنەری زیندانیانی بادینان:

چالاکوانە ئەشکەنجەدراوەکانی شێلادزێ بە درۆشمی “ئازادی یان مردن” لەگەل ٧٥ زیندانی دیکە لە ئاسایشی گشتی ھەولێر مانگرتنیان ڕاگەیاند

بۆ/ ڕای گشتی

– یونامی و نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم و عێراق

– پەرلەمانتاران و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤ

– رێکخراوەکانی نێوخۆ و جیھانی مافی مرۆڤ

– میدیاو لایەنە سیاسیەکان

“ئەشکەنجەدراوین و بێ دادگاو بێ پارێزەر نازانین چارەنوسمان چیە، داوای ھەلوێستی جدی لە ھێزە بەشدارەکانی دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن دەکەین”

ئەمرۆ سەرچاوەیەک لە ئاسایشی گشتی ھەولێر پێی راگەیاندین: پێنج چالاکوانی شێلادزێ کە نێزیکەی ساڵێک و سێ مانگە رفێنراون و لەگەل نێزیکەی ٧٥ زیندانی دیکەی بادینان کە (بەشێکیان بەرپرسی پارتین لەسەر بیرۆرای جیاواز سێ ساڵە بێ دادگا لە زیندانن)، لە ژێر درۆشمی “ئازادی یان مردن” مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند.

ساڵێک و سێ مانگە پێنج لە زیندانیانی بادینان کە خەلکی شێلادزێن و چالاکوانی مەدەنین لەسەر بیروڕای جیاواز و بەشداری لە خۆپیشاندان رفێنراون و بێ ئەوەی دادگایی بکرێن لە ئاسایشی گشتی ھەولێرن بە ناوەکانی (مەحمود ناجی، ئەمجەد یوسف، نێچیرڤان بەدیع، یوسف شەریف، کۆڤان تارق).

بەشێک لەو زیندانیانە ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە لە مواجھەیەکدا بە یۆنامی و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤیان وتویە، ھیچ بەلگەیەک لەسەر ئێمە نیەو تەنیا لەسەر رەخنەو بیرورای جیاواز بەرامبەر پارتی دەستگیرکراوین، لەژێر ئەشکەنجە ڤیدیو کراوین ئەمەش کارێکی نا یاسایی و نا ئەخلاقیە.

ئێمە بەناوی گروپی زیندانیانی بادینان داواکارین لە UN نوێنەرانی وڵاتان لە ھەرێم بە عێراق، پەرلەمانتاران و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤ، رێکخراوەکانی نێوخۆ و جیھانی مافی مرۆڤ فشارو کاری جدی بکەن بۆ ئازادکردنی گشت زیندانییە بە ناحەق زیندانیکراوەکان، داواکارین، ھێزە بەشدارەکانی دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن ھەلوێستی جدی وەربگرن چونکە ئەندام و کادری ئەوانیشیان لە زیندان دان چون دەکرێت بەتەنیا بەجێیان بڵێن، بۆیە پێویستە فشاربکەن بۆ بەرێوەچونی دادگاکەیان و یەکلاکردنی چارەنوسیان و ئازادکردنیان.

پێویستە کابینەی حکومەتی ھەرێم واز لەو رق و تەحەداکردنە بێنێت لەگەڵ چەند چالاکوانی مەدەنی و باشترە دامەزراوی و نیشتیمانیانە مامەڵە بکات، چونکە سزادانی ئەو چالاک و ڕۆژنامەنوسانە جگە لە كاردانەوەی ناوخۆیی كاردانەوەی دەرەكیشی لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و باڵیوزخانەو كونسوڵخانەی وڵاتان و ڕێكخراوە جیهانیەكان لێكەوتەوە و ئەگەر دوسیەکەیان یەکلایی نەکرێتەوە ئێمەش لەگەڵ ھەزاران ئازادیخواز نێوخۆ و دەرەوەی وڵات بەردەوام دەبین بە زیاتر بەجیھانیکردنی دوسیەکە و ناوەستین، بە بەردەوامی پێشڵکاریەکانی پارتی سومعەی خۆی و ھەرێمەکەمان ناشیرینتر دەکات و ئەمەش پرسێکی گشتییەو ئەرکی ھەموو تاک و لایەنێکە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و سەربەخۆیی دادگاکان و بەرەوپێشچونی پرۆسەی دیموکراسی، لە ھەمان کاتدا بۆ مێژوی خۆتان بەجدیترو راستگۆتر ھەلوێست وەربگرن و رووبەرووی ئەم نادادیە ببنەوە.

ئەیھان سەعید – چاودێری مافی مرۆڤ و نوێنەری زیندانیانی بادینان.

٣١ی ١ی ٢٠٢٢

بابەتی پێشتر

لە قەڵادزێ تەرمی پێشمەرگەیەک گەیەندرایە نەخۆشخانە.. لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بووە

بابەتی دواتر

بە بەشداریی كورد، شیعە و سوننە كۆبوونەوەیەكی فراوان لە بەغداد ئەنجامدەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share