یونسێف: بەهۆی ئاڵۆزییەکانی حەسەكە سەدان منداڵ ژیانیان لە مەترسیدایە

ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدەدات لە مەترسییەکانی سەر ‏سەدان منداڵ لە هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەسەدە و چەکدارانی داعش لە ‏حەسەكە، دوای هەوڵی هەڵاتنی چەكدارانی داعش لە زیندانی غوێران.‏

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان “یونسێف” ڕایگەیاندووە، 850 منداڵ لەناو ‏پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریدان، بەهۆی هێرشی داعش بۆسەر زیندانی ‏غوێران و ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی سوریای دیموکرات، ‏بە پاڵپشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کە ماوەی شەش ڕۆژە بەردەوامە. ‏

جولیێت تۆمان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یونسێف لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ‏ئەفریقا بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتووە، “زۆر سەختە پێشبینی ئەو کارەساتانە ‏بکەین کە منداڵان لەو پێکدادانەدا دەیبینن”، بەڵام نەیشاردەوە كە “ژیانی ئەو منداڵانە ‏لەمەترسییەکی جددیدایە”.‏

لەدوای هەوڵەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی چەکدارانی داعش بۆسەر زیندانی ‏غوێران لە حەسەکە، ژمارەیەك چەکداری داعش لەو زیندانە هەڵاتن، بەڵام هەسەدە ‏دەستگیركردنەوە و خۆرادەستكردنی 550 چەكداری هەڵاتووی داعشی ڕاگەیاند و باسیش ‏لە كوژرانی نزیكەی 200 چەكداری دیكە كراوە.‏

یونسێف داوادەکات، پێکدادانەکان ڕابگیرێن لەپێناو گواستنەوەی ئەو منداڵانەی لە ‏ناوچەكەن، کە ژمارەیان زیاترە لە 850 منداڵ و هەندێکیان تەمەنیان دەگاتە 12 ساڵ، ‏لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات ئەگەری هەیە لەناو کوژراوەکاندا منداڵ ‏هەبن، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە دەستیان بە ئامارەکان بگات.‏

زیندانی غوێران گەورەترین زیندانی تایبەت بە چەكدارانی داعش و كەسوكارەكانیانە لە ‏هەموو جیهان، کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتە لە ڕۆژئاوای ‏كوردستان.‏

بابەتی پێشتر

چیت بیستووە دەربارەی ئەو وڵاتانەی سوپایان نییە؟

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی پارێزگا: كەمتر لە نیوەی پێویستی غاز دەگاتە سلێمانی‏

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share