‘كشتوكاڵ بەرخۆدانە’.. وێڕای داگیركارییەكان دانیشتووانی ڕۆژئاوای كوردستان سەرقاڵی كشتوكاڵن

هەرچەندە ساڵی ڕابردوو زۆربەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان لەلایەن سوپای توركیاوە لەناوبران و سوتێنران، دانیشتووانی عەین عیسا لە ڕۆژئاوای كوردستان سوورن لەسەر ئەوەی ئەمساڵیش زەوییەكانیان بكێڵن و بەردەوامبن لە كشتوكاڵ.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی هاوارنیوز، دانیشتووانی عەین عیسا كە سەر بە شاری گرێ سپییە لە ڕۆژئاوای كوردستان، وێڕای ئەوەی زەوییەكانیان هاوتەریبن لەگەڵ ئەو ناوچانەی توركیا داگیری كردوون، بەڵام سەرقاڵی كێڵان و كشتوكاڵن تێیدا.

لە ئێستادا لە ڕۆژئاوای كوردستان و سوریا لە دەستپێكی وەرزی زستان جوتیاران سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ، زۆربەی جوتیارەكانی ناوچەی گرێ سپی پشت دەبەستن بە زەوییە دەیمییەكانیان كە پشت بە باران دەبەستێت، بەڵام بۆ پاراستنی بەرهەمەكانیان لە نێو زەوییەكانیاندا بیری گەورەی ئیرتیوازییان دروستكردووە و لەڕێی ئامێرەوە بەرهەمەكانیانی تێدا هەڵدەگرن.

لە گرێ سپی ئەمساڵ ئەو زەویانەی پلان هەیە كشتوكاڵیان تێدا بكرێت پێكدێت لە 148 هەزار و 290 دۆنم زەوی بەراو و 319 هەزار و 682 دۆنم زەوی دەیم.

تۆفیق شەبلی، یەكێك لە جوتیارەكانی ڕۆژئاوا بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، “كشتوكاڵ خۆی لەخۆیدا بەرخۆدانە دژ بە داگیركاران، هەروەها زەوییەكانمان خۆشەویستە لامان و دەستبەرداری نابین و كشتوكاڵی تێدا دەكەین گەر بێت و هەزاران جاریش بیسوتێنن”.

بەگوێرەی ئامارێكی كشتوكاڵی گرێ سپی، زستانی ساڵی ڕابردوو 63 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی، بەهۆی بۆردوومانە هەڕەمەكییەكانی سوپای توركیا و هێزەكانی سەر بەو سوپایە سوتان و لەناوچوون.

بابەتی پێشتر

نەیجیریا.. تەنها لە یەك ڕۆژدا 25 كەس بە كۆلێرا مردن

بابەتی دواتر

هاوسەری كەمالا هاریس واز لە كارەكەی دێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share