حکومەتی عێراق ‘پەلاماری پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە’ ئیدانە دەكات

حکومەتی عێراق ئیدانە پەلاماردانی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن چەکدارانی پەکەکە دەکات و بە دەستدرێژیکردنەسەر سەروەری عێراق ناویدەبات.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەم لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە هاتووە، حکومەتی عێراق ئەو پەلامارەی کە چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک ئەنجامیاندا و گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی لێکەوتەوە، ئیدانە کرد.

دەشڵێت، حکومەتی عێراق ڕەتکردنەوەی توندی خۆی بۆ ئەو پەلامارەی لەناو خاکی عێراقدا ئەنجامدراوە دووپاتدەکاتەوە و بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری عێراق ناویدەبات.

دوپاتیشیدەکاتەوە، سەرجەم ئەو ڕێوشوێنانە دەگرێتەبەر کە دەبنە مایەی ڕێگەگرتن لەو پەلامارانەی بە بەزاندنی ئاسایش و سەروەری وڵات دادەنرێت.

دوێنێ ئەلەند ئەمیر، بەڕێوبەری ناحیەی چەمانکێ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “گەریلاکانی پەکەکە بۆمبێکیان لە ڕێگای کاروانێکی هێزەکانی پێشمەرگە دانا و دوای تەقینەوەی بۆمبەکە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلاکانی پەکەکە ڕویدا”.

وتیشی، لە ڕوداوەكەدا، كە لە ناحیەی چەمانكێی سەر بە قەزای ئامێدی ڕویدا، چوار پێشمەرگە برینداربوون و دواتر یەكێك لە پێشمەرگەكان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە شەهید بوو.

بابەتی پێشتر

توتی-یەك بوەهۆی ڕزگاركردنی خاوەنەكەی

بابەتی دواتر

ئەو ژمارە پێوانەییانەی لە هەڵبژاردنی ئەمریكا تۆماركراون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share