هەسەدە ئاماری تاوانەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2021دا ئاشكرادەكات

ناوەندی میدیایی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاماری تاوان و هێرشە سەربازییەكانی سوپای توركیای بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2021دا بڵاوكردەوە.

بەپێی ئامارەكە، 89 هاوڵاتیی سیڤیل و 148 چەكداری هێزەكانی سوریای دیموكرات شەهیدبوون و 700 كەس ڕفێندراون، هاوڵاتییەك ڕاستەوخۆ و بەبێ دادگاییكردن گولـلەبارانكراوە، 134 هاوڵاتیی تریش برینداربوون.

لەو ساڵەدا 47 هێرشی زەمینی و هەوڵی تێپەڕاندنی سنوورەكان بەرپاكراون و 1300 هێرش بە تانك و تۆپ و چەكی تری قورس ئەنجامدراون، 89 هێرشی دیكە لەڕێگەی درۆن و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراون، وەك ئامارەكە ئاشكرایكردووە.

ئامارەكەی ناوەندی میدیایی هێزەكانی سوریای دیموكرات دەڵێت، “لە ساڵی 2021دا 52 جار بە نیشانشكێن تەقە لە هاوڵاتییان و جوتیارانی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێبكرێت لە چوونەسەر كار و گەیشتن بە كێڵگەكانیان”.

ناوەندی میدیایی (هەسەدە) لە ئامارەكەیدا ئاشكرایكردووە، سوپای توركیا لە ساڵی 2021دا 22 ناوچەی شوێنەواری لە ڕۆژئاوای كوردستان خاپووركردووە یاخود تاڵانیكردوون. سەرباری ئەوانەش سێ شارۆچكەی پڕ لە دانیشتووان، 58 گوند، مزگەوتێك و سێ خوێندنگە بۆردومانكراون، لە سەرجەم هێرشەكاندا 7000 بۆمب و مووشەك بەكارهێنراون.

بابەتی پێشتر

دوای 5 مانگ لە ونبوونی.. ئەو كۆرپەیەی لە کابول درایە دەست سەربازەکان دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

یه‌كه‌م دانیشتنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستیپێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share