ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەكەن تاكە دەروازەی سنووریی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوای كوردستان بكەنەوە.
ڕێكخراوەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا كە سایتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردوەتەوە دەڵێن، لەلایەن هەرێمەوە “تاكە دەروازەی مرۆیی كە ناوچەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ناوچەكانی هەرێمەوە دەبەستێتەوە لە ناوچەی سێمێلکای سنووری لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە داخراوە”.
بەپێی ڕێكخراوەكان داخستنەكە بەهۆی ڕووداوی نەخوازراو و ئیدانەكراوەوە بووە كە لە دەروازەكەدا ڕوویداوە.
باس لەوەشدەكەن “بەردەوامیدان بە داخستنی دەروازەكە دەبێتە كارەساتی مرۆیی”.
ماوەیەكە ژمارەیەك لە كەسوكاری گەریلا شەهیدكراوەكان، كە لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵ توركیا، یان لەلایەن هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە شەهیدكراون، لە دەروازەی سنووریی پێشخاپوورن و دەیانەوێت بێنە هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام پارتی ڕێگەیان پێنادات.
چوارشەممەی ڕابردوو 15ی ئەم مانگە لە خاڵە سنوورییەكە شەڕەبەرد و پێكداهەڵپژان لەنێوان ئەو گەنجانەی ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی پارتی لە خاڵە سنوورییەكە دروستبوو، میدیاكانی پەكەكە باسیان لە برینداربوونی چەند گەنجێك كرد.
دەروازەی پێشخاپوور، كە لە دیوی ڕۆژئاوای كوردستانەوە سێمێلکای پێدەگوترێت، زیاتر لە جارێك بەڕووی ڕۆژئاوادا داخراوە، بەردەوام ئەو هەنگاوە نیگەرانیی كوردانی ڕۆژئاوای بەدواداهاتووە.