ئیگناتیوس: ئێران چەند هەفتەیەكی ماوە بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی

دەیڤد ئیگناتیوس نووسەری تایبەتمەند بە كاروباری دەرەوە لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست دەڵێت، گوماندەكرێت ئێران لە چەند ناوچەیەكی نهێنیدا “چالاكیی ئەتۆمیی سەربازی” هەبێت و نزیكبووەتەوە لە دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی و كەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

ئەوەی تا ئێستا ئێران جەختیلێدەكاتەوە، ئەوەیە كە چالاكییە ئەتۆمییەكانی تەنها تایبەتن بە بواری شارستانی و وزە، نەك سەربازی.

ئیگناتیوس لە وتارێكدا كە واشنتن پۆست بڵاویكردووەتەوە، باس لەوە دەكات كە لە ماوەی ئەو چەند مانگەی ئێران كامێراكانی چاودێری لە دامەزراوەی ئەتۆمیی كەرەج لابردبوو، پەرەی بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی لە بواری سەربازیدا داوە.

پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چەند كامێرایەكی چاودێریی لەو دامەزراوەیە دانابوو، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا ئێران كامێراكانی لابرد و سەرباری داواكاریی خۆرئاوا، كامێراكان دانەنرانەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاندبوو، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەتوانێت كامێرا لە دامەزراوەكەدا جێگیربكات.

ئەو نووسەرە پێیوایە جێگیركردنی كامێرا هەنگاوێكی بچووكە و پێویستە خۆرئاوا فشاری زیاتر بخەنەسەر ئێران و دەڵێت، “پێشنیازێك بۆ سەرەتای كاركردنتان، دەبێت ئیدارەكەی بایدن داوا لە ئەنجومەنی كارگێڕیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بكات، لێكۆڵینەوە لە چوار ناوچەی چالاكیی ئەتۆمیی گوماناویی ئێران بكات، كە سیانیان گەردیلەی یۆرانیۆم لەخۆدەگرن و لە چەند ناوچەیەكدا دۆزراونەتەوە كە تا ئێستا ئێران ئاشكراینەكردوون، هەروەها لێكۆڵینەوە بكات لە دۆسیەی “ڕەهەندە سەربازییەكان”ی دۆسیەی كەرەستەی ئەتۆمی ناڕاگەیەندراو و چالاكیی دیكە لە دامەزراوەیەكدا كە ئاشكرانەكراوە”.

بەپێی وتەی دەیڤد ئیگناتیوس، لە نەبوونی كۆت و بەنددا كە دوای كشانەوەی ئەمریكا لە ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ و وەستانی دانوستاندنی ئەتۆمی هاتەئاراوە، ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندە 60% و كاربەدەستانی ئێران ڕایانگەیاند بیر لەوە دەكەنەوە ڕێژەكە بەرزبكەنەوە بۆ 90% لەسەر ئاستی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی.

نووسەرەكەی واشنتن پۆست ئاشكرایدەكات كە ئێران تۆرباینی زۆر پێشكەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەكاردەهێنێت و شوێنی چالاكییە ئەتۆمییەكانیشی زۆر لە قووڵایی زەویدایە.

ئەو دەڵێت، “هەنگاوێكی تری شووم، لە مانگی شوباتی ڕابردوودا نرا كاتێك ئێران دەستیكرد بە دروستكردنی تەنی كانزایی لە یۆرانیۆم كە دەكرێت لە دروستكردنی كرۆكی بۆمبی ئەتۆمیدا بەكاربهێنرێت، ئەوەش پێچەوانەی ئەو نەخشەڕێگایەیە كە دەبوو كاری پێبكرێت و ڕێگریبكات لەوەی ئێران پەرە بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی بدات”.

“بەپێی خەمڵاندنی ئیسرائیلییەكان، ئێستا ئێران كەرەستەی پێویستی هەیە بۆ دروستكردنی سێ بۆمبی ئەتۆمی و كەمتر لە دوو مانگی پێویستە بۆ تەواوكردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی پێویست بۆ ئەو مەبەستە، چونكە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ماوەی 18 مانگ بۆ دوو ساڵ دەخایەنێت”، وەك نووسەرەكە ئاشكرایكردووە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی گەرمیان بەدوای كەسوكاری خاوەنی ئەم ئۆتۆمبێلەدا دەگەڕێت

بابەتی دواتر

ناسنامەی ئەو كەسەی لە گەرمیان مینێكی پیادا تەقییەوە ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share