ئه‌شكه‌وتەکەی پەڵکانە شوێنەوارە یان شوێنی داعش؟

لەکاتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، وێنەیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە چەکدارانی داعش شاخیان بڕیوە و وەک حەشارگە بەکاریانهێناوە، بەڵام شارەزایەکی شوێنەوارە مێژووییەکان زانیاری لەبارەی ئەو ئەشکەوتانەوە دەخاتەڕوو.

بورهان عادل ڕەشید، شارەزایەکی شوێنەوارە مێژووییەکانە، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “مێژووی گوندی پەڵکانە زۆر كۆن نییه،‌ به‌ڵام له‌ناو هه‌رده‌كانی ئه‌و دێیه‌ و له‌ خوار زنجیره‌ شاخی خورماتوو (نه‌فت داغ)  له ‌دۆڵی گۆزه‌شكێن شوێنه‌وارێكی كۆنی لێیه‌ كه‌ به ‌(نۆ كونه‌)کەی گاوران ناوی ده‌ركردووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ‌ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا نۆ كون هه‌ن‌،‌ له‌ڕاستیدا خۆی ناوی نۆ كون نه‌بووه‌ بەڵکو به‌هۆی سیاسەتی بەتورککردنی ناوچەکە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا پێیوتراوە (دۆقز دەلک) دواتریش لە وەرگێڕاندا بۆ زمانی کوردی بووە بە نۆ کونەکە یان نۆ کوناکە”.

بە بڕوای ئەو شارەزایە و بە پشتبەستن بە بەڵگەکان ئەم هەڵكۆڵینە دەگەڕێتەوە بۆ سەردمی ژیانی مرۆڤ لە ئەشكەوتەكاندا، ئەم جۆرە كونە گاورانە لە هەردەكانی باكووری نیوان شاری كفری و خۆرهەڵاتی شاری خورماتوو، مێژووەكەی نازانرێت، لە سنگی شاخێكی سەختی بەردینە، بەو شوێنپێیانەدا بۆی سەردەكەویت، لە ناوەوە ژوورێكی 2 بە 2 مەترییە، لەناو هەندێكیاندا شوێنی دەزگای جۆڵایی هەڵكەندراوە، بێگومان ئەمە شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤی كۆنە، پێش ئەوەی لە گوند و شارەكاندا كۆببنەوە، كە سەرەتای تێكەڵاویی بیری ژیان و سوودوەرگرتن لە كەرەستەكانی جۆڵایی و بەكارهێنانی خوریی ئاژەڵ بۆ جل و بەرگ و نوێنی وەكو جاجم بۆ خۆ پاراستن لە سەرما و سۆڵەی زستان، كە پاش ئەو سەردەمە بیریان لە خانووی گڵین و كشتوكاڵكردن كردبێتەوە، بەڵام تاكو ئێستا لەم ناوچەیەدا هیچ توێژینەوەیەك نەكراوە لەسەر ئەم شوێنەوارانە، یان هۆی دروستكردنی ئەم كونانە.

بورهان عادل  دەڵێت، “لە کۆتایی نەوەدەکاندا لە نزیک ئاوایی شۆراو و هەردەکانی پەڵکانەدا چەند ڕاوچییەک بەمەبەستی ڕاوە سووچەڕ شوێنێک هەڵدەکۆڵن و دەگەن بە دیوارێکی خشت لەژێر زەویدا، هەر بەردەوامدەبن تاکو دەگەن بە ژوورێکی تەواو، بە وتەی خۆیان لەو ژوورەدا کۆمەڵێک ئێسک و کەلەسەر و گۆزە و چەندین بەردی گەورە هەبوون و دواتر کونەکەیان داپۆشیوە و بەجێیانهێشتووە”.

سه‌باره‌ت به ‌ژووره‌كانی ئه‌شكه‌وته‌كه‌ به‌ شێوازێكی زۆر ئه‌ندازیاریی جوان دروستكراوه‌ و به‌ ئامێری تایبه‌ت و زۆر بچووك هه‌ڵكۆڵدراوه‌ و ده‌ڵێن چه‌ند وێنه‌ و نه‌خش و نیگار و نوسینێک له‌سه‌ر دیواری ناوه‌وه‌ی ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا هه‌یه،‌ بەڵام ئەم قسەیە پشتڕاستنەکراوەتەوە و پێویستی بە لیژنەی شوێنەواری هەیە، وەك ئەو شوێنەوارناسە دەڵێت.

بەپێی وتەی بورهان عادل، بۆچوونێکی دیکەش هەیە کە ئەو ئەشکەوتە وەک گۆڕە دخمەکەی (قسن قاپان)ی ناوچەی دوکان یان گۆڕە دخمەکانی باوەشاسواری کفری، ئەمیش جێگا و ئارامگا و گۆڕە دخمەی مورید و شوێنکەوتەی ئایینی زەردەشتییەکان بێت، بەتایبەت یارسانەکان کە بە بەڵگەی شوێنەواری سەلمێندراوە لە ناوچەکەدا بوونیان هەبووە.

بابەتی پێشتر

مانگرتنی کۆمپانیایەکی پاککەرەوە هەزار تۆن خۆڵ و خاشاکی لە کەلار کۆکردووەتەوە

بابەتی دواتر

ئەمریكا: قاعیدە لە ئەفغانستان گەشەیكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی کەسێک بە تۆمەتی ئەشكەنجەدانی ژنێك و دەستبەسەركردنی منداڵەكانی دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە ژنێکی ئەشکەنجەداوە و منداڵەکانی دەستبەسەرکردووە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی زانیاری…
Total
0
Share