مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە مەولود چاوشئۆغڵو کرد

سەبارەت بە بومەلەرزەكەی ئیزمیر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەخۆشی لە وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ئانادۆڵو كە ئەمڕۆ یەكشەممە 1ی تشرینی دووەم بڵاوكراوەتەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بومەلەرزەکەی ئیزمیرەوە، سەرەخۆشی لە مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.

سەرچاوە دیپلۆماتییەکانی توركیا بە ئاژانسە توركییەكەیان ڕاگەیاندووە، “هەریەک لە وەزیری دەرەوەی عومان، بەدر بوسەعیدی و وەزیری دەرەوەی هایتی، کلۆد جۆزێف و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان، بە جیا پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەنجامداوە”.

ئەو بەرپرسانە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیاندا سەبارەت بەو كارەساتە سروشتییەی لە توركیا ڕویداوە، سەرەخۆشییان ئاڕاستەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کردووە.

ژمارەی مردن بەرزبووەتەوە
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری بەپەلەی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاندووە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی ئیزمیر بەرزبووەتەوە بۆ 44 کەس لەگەڵ بوونی 885 بریندار.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی لە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری بەپەلەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە دوای بومەلەرزەکەی ئیزمیرەوە، 658 پاشلەرزە ڕویانداوە کە 40 دانەیان لە سەرووی چوار پلەی ڕێختەر بوون.

تا ئێستا کارەکانی گەڕان و ڕزگارکردن لە نۆ بینای شاری ئیزمیر بەردەوامییان هەیە و تا درەنگانێكی دوێنێ شەممە 31ی تشرینی یەكەم چەند كەسێك ڕزگاركران كە زیاتر لە 24 كاتژمێر لەژێر بینا ڕووخاوەكان بوون.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. سەماكانی ترەمپ بووەتە جێی سەرنجی جیهان

بابەتی دواتر

نوێترین ئاماری گیانلەدەستدانی بومەلەرزەکەی ئیزمیر لە تورکیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share