جۆ بایدن هۆشداریی “سزای توند”ی داوەتە پوتین لەئەگەری هێرشی سەربازی بۆسەر ئۆکرانیا

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڤلادیمێر پوتینی ئاگادارکردووەتەوە ‏لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕوسیا بە “سزای توندی ئابوری و دیکەش” لەئەگەری هێرشی ‏سەربازیی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکرانیا.‏

لە میانی بەڕێوەچوونی لوتکەی ئەمریکا – ڕوسیا کە بە ئۆنلاین بووە، جۆ بایدن ترسی ‏وڵاتەکەی و هاوپەیمانەکانی پیشانداوە لە کۆکردنەوەی هێز لەلایەن ڕوسیاوە لەسەر ‏سنووری ئۆکرانیا، هۆشداریشی داوەتە پوتین کە ئەگەر ڕوسیا هێرشی سەربازی ‏ئەنجامبدات، ڕووبەڕووی “سزای ئابوری و سزای دیکەش” دەبێتەوە.‏

لە دیدارەکەدا واشنتن سووربووە لەسەر ڕەتکردنەوەی هەرجۆرە ئاڵۆزییەک لەگەڵ ‏ئۆکرانیا و جەختی لە ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی ئۆکرانیا کردووەتەوە، هەروەها ‏گەڕانەوەی مۆسکۆی بۆ ڕێڕەوی ستراتیژیی بەپێویست ناوبردووە.‏

کۆبوونەوەی لوتکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا ‏لەڕێگەی ئۆنلاین و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوامبوو، کۆبوونەوەکە جەختی لە کاری ‏شاندەکانی هەردوولا کردەوە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوانیان.‏

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە کۆشکی سەرۆكایەتیی ڕوسیا – کرملین بڵاویکردەوە، پوتین ‏لەسەر مێزێک لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کرملین دەردەكەوێت و لەیەکەم وتەیدا بە ‏زەردەخەنەوە دەڵێت، “سڵاو بەڕێز سەرۆک”.‏

لەبەرامبەردا کۆشکی سپی هیچ گرتەیەکی کۆبوونەوەکەی بڵاونەکردەوە، تەنها ئەوەی ‏ڕاگەیاند، کە جۆ بایدن لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی دیدارەکەی ئەنجامداوە.‏

بابەتی پێشتر

پێنجینە.. ئەو ئاژەڵانەی بەھۆی تاوانکردنەوە دەستگیرکراون

بابەتی دواتر

وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەکردنی پەتاتە قەدەغەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share