کاروان گەزنەیی: ئەو داهاتەی بەهۆی گەندەڵییەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا نەماوە 80%ـی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بووە

كاروان گەزنەیی

کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان باس لە داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژە بۆ دیارنەمانی بڕی 600 ملیار دینار دەدات لە سێ ساڵی ڕابردوودا کە 80%ی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دیارنەماوە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا کاروان گەزنەیی ڕایگەیاند، “داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان مانگانە 900 ملیۆن دۆلارە کە بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت 480 ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە، کە نزیکەی 700 ملیار دینار دەکات”.

بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە، مانگانە تەنها لە داهاتی نەوت 300 ملیار دینار دیارنامێنێت و دەڵێت، “تەحەدای وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەکەم کە بێت وەڵامم بداتەوە”.

بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کە کاروان گەزنەیی ئاماژەی بۆ دەکات، لە ساڵەکانی 2018، 2019 و 2020 تەنها لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیی بڕی 600 ملیار دینار دیارنەماوە، لەو بڕەش زیاتر 80%ـی لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بووە.

سەبارەت بە قاچاخچێتی لە خاڵە سنوورییەکان، ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستان باسی لەوەکرد، کە ئێستا هێزێکی ئەمنی بەمەبەستی چاودێریکردنی نەهێشتنی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکان لە پارێزگای سلێمانین، دەمانەوێت بپرسین ئایا هەمان هێز لە دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران هەن؟

کاروان گەزنەیی لەبارەی دەروازەی وەلیدەوە باس لە بوونی قاچاخچێتیی ڕێکخراو بۆ گروپێکی دیاریکراو دەکات بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی بگەڕێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم. دەشڵێت، “تەحەدای سەرۆکی حکومەت، وەزیرەکان، سەرجەم کابینەی نۆی حکومەت و پەرلەمانتاران دەکەم کەسێک بێت پێمبڵێت داهاتی سنووریی دەروازەی وەلید چەندە و چی لێدێت؟”.

“لە هەریەکە لە دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران لەگەڵ ئەوەی تێستی کۆرۆنایان پێیە یان ڤاکسینکراون بەڵام بۆ هەموو کەسێک بڕە پارەیەك وەردەگرن بەبێ گەڕانەوەی هیچ بڕە پارەیەک بۆ حکومەتی هەرێم” کاروان گەزنەیی وایوت.

بابەتی پێشتر

پوتین كازمی بانگهێشتی ڕوسیا دەكات

بابەتی دواتر

زانكۆی سلێمانى خوێندكاران ئاگادارده‌كاته‌وه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share