وەزیرێک وردەکاریی وەڵامی حکومەت بۆ خوێندکاران ئاشکرادەکات

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی حکومەت بۆ خوێندنی باڵای تەرخانکردووە، پەیوەست نییە بە توێژێک و پشتگیریی دارایی هەموو خوێندکارێکی پێدەکرێت لە زانکۆ و پەیمانگاکان.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، (پشکی گۆڕان) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی ڕایگەیاند، “وەک چارەسەری خێرا حکومەت ئەو بڕە پارەیەی وەک پاڵپشتی بۆ خوێندنی باڵا تەرخانکرد، لەگەڵ ئەوەشدا پارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەشە ناوخۆییەکان تەرخانکرا، بەڵام ئەمە چارەسەری خێرا و کاتییە و لیژنەیەک بۆ چارەسەری بنەڕەتی دروستکراوە”.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت، “ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە لیژنەیەک لە وەزیرانی خوێندنی باڵا و دارایی و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دروستبکرێت، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕتیی کێشەکانی خوێندکاران، کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانیش پشتگیریی ئەو بڕیارەیان کردووە”.

دانا عەبدولکەریم جەختیکردەوە، ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخانکراوە وەک پاڵپشتی بۆ هەموو خوێندکارانە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە میکانزمی خۆی پارەکە بۆ چارەسەری کێشەکان بەکار دەهێنێت.

دوای خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، حکومەتی هەرێم بڕیاری دا بە دابینکردنی پشتگیرییەکی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، تا کێشەی خوێندکارانی پێچارەسەر بکرێت.

بابەتی پێشتر

دەنگۆی لەدەستدانی کورسییەکەی هاوپەیمانی کوردستان لە سەڵاحەدین ڕەتدەکرێتەوە

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ هەینیی ڕەشە، واتاکەی چییە و چیرۆکەکەی لەکوێوە هاتووە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share