لە بەهاری ئەمساڵەوە نزیکەی 10 هەزار کچی منداڵ لە ئێران بەشوودراون

هاوسەرگیریی کچێکی 9 ساڵان، کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە

بەپێی ئامارێکی ئاژانسی ئیسنا-ی ئێرانی، لە بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 10 ‏هەزار کچی تەمەن 10 بۆ 12 ساڵ لەلایەن خانەوادەكانیانەوە بەشوودراون.‏

ئاماری ئاژانسەکە نیشانی دەدات، لەماوەی نزیكەی 9 مانگی سەرەتای ساڵی هەتاوی، 9 ‏هەزار و 753 کچی منداڵ لەلایەن کەسوکاریانەوە بەشوودراون، لە کاتێکدا ئەو کچانە ‏تەمەنی یاساییان بۆ هاوسەرگیری تەواونەکردووە  و لەنێوان 10 تا 12 ساڵدا بوون.‏

بەپێی ئامارەکە، ئەو ڕێژەیە بەراود بە ساڵانی ڕابردوو 33% بەرزبووتەوە و لە چەند ‏ساڵی ڕابردووی ئێراندا هاوشێوەی نەبووە.‏

ئاژانسی ئیسنا ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو کچانەی تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 19 ساڵدا ‏بووە و شوویانکردووە، لەماوەی ئەو چەند مانگەدا ژمارەیەن 45 هەزار و 522 کچ ‏بووە.‏

ئامارەکانی ئاژانسەکە تەنها ئەو هاوسەرگیرییانە دەگرێتەوە کە لە فەرمانگەکانی سەر بە ‏پارێزگاکان تۆمارکراون، بەپێی دابونەریتی چەندین ناوچەی ئێران، سەدان بەشوودانی ‏دیکە هەن، کە لە فەرمانگەکاندا تۆمارناکرێن و لەلایەن مامۆستای ئایینی ناوچەی ‏خۆیانەوە کاری مارەبڕینەکەیان بۆدەکرێت.‏

ئەو تەمەنەی بەپێی یاساکانی ئێران دانراوە بۆ هاوسەرگیریی کچان، لە تەمەنی 13 ساڵیدا ‏دەتوانن شوبکەن و کوڕانیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا دەتوانن هاوسەرگیری بكەن.‏

ئەگەرچی تەمەنی 13 ساڵی بۆ شوکردنی کچان دانراوە، بەڵام یاساکان ناڕاستەوخۆ ‏هاوکاری دەکەن، ئەگەر کچێک 9 ساڵی تێپەڕاندبێت، بە ڕەزامەندیی کەسوکاری کچ و ‏کوڕەکە هاوسەرگیرییەکە ئەنجامبدرێت.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تورکیا هۆکاری دامەزراندنی بنکە سەربازییەکانی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات

سلێمان سۆلیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا هۆکاری دامەزراندنی بنکەی سەربازیی وڵاتەکەی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و وتی،…
Total
0
Share