كۆمسیۆن: 25%ی وێستگەكان سەرلەنوێ جیاكراونەتەوە و هیچ ساختەكارییەك نەبووە

14621 وێستگە جیاكردنەوەی دەستییان بۆكراوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، تائێستا گۆڕانكاری لە ئەنجامەكان یان ساختەكاری لە پرۆسەی جیاكردنەوە و ژماردنەوەدا نەبووە كە زیاتر لە 14 هەزار وێستگەی گرتووەتەوە و 25%ی كۆی وێستگەكانی عێراق پێكدەهێنێت.

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی میدیایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هیچ گومانێك لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن نەبوو، هیچ لایەكیش باسی لە ڕوودانی پێشێلكاری نەكرد، بەڵام دوای دەركەوتنی ئەنجامە بەراییەكان، ناڕەزاییەكان و گومان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن هەندێك لە لایەنە زیانپێكەوتووەكانی دەنگدان دەركەوت.

وتیشی، “پاش كۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردن چاودێران ئەنجامەكانی دەنگدانی وێستگەكانیان پێدرا و هیچ كەس ناڕەزایی دەرنەبڕی، بەڵام دوای خستنەڕووی ئەنجامە بەراییەكان، ئەوەی دەیوت گۆڕانكاری ڕوویداوە، تانەیان دا و لەسەر ئەو بنەمایەش جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەنگەكان ئەنجامدرا”.

ئەندامەكەی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن ئاشكرایكرد، كۆمسیۆن سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنەوەی بۆ 25%ی كۆی وێستگەكانی هەڵبژاردنی لەسەر ئاستی عێراق كە 14621 وێستگەیە كرد و هیچ ساختەكارییەكی تیادەرنەكەوت”.

دەربارەی ناڕەزاییەكان لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە عیماد جەمیل وتی، گرفتی وەستانی ئامێرەكان لە 3681 وێستگە لە كۆی زیاتر لە 55 هەزار وێستگە ڕوویدا، كە بەشێوەیەكی كاتی بوو و وەستاندنەكەیان چاككرا، پاش دووبارە داخڵكردنەوەی پاسۆرد و بەوەش دۆخەكە لە ڕۆژی دەنگداندا ئاسایی بووەوە.

لە 10ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، تائێستا كۆمسیۆن ئەنجامە بەراییەكانی دەنگدانی ئاشكراكردووە و بڕیارە پاش تەواوكردنی هەڵسەنگاندنی تانەكان و جیاكردنەوەی دەستی ئەنجامی كۆتایی پرۆسەكە ئاشكرابكات.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەولێر: لەكاتی لافاوەكەدا 25 كەس ڕزگاركراون

بابەتی دواتر

هەواڵێکی خۆش بۆ منداڵان.. ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بەبێ دەرزی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگادارییەك لەبارەی دامەزراندنەوە

ئەو هاوڵاتییانەی دەیانەوێت فۆرمی تایبەت بە دامەزراندن لە هێزی پاسەوانی سنوور پڕبكەنەوە، ئاگاداردەكرێنەوە لەوەی تا ئێستا فۆرمە ئەلیكترۆنییەكە…
Total
0
Share