شەڕی قه‌ره‌باغ وڵاتان دابەش دەكات

شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، وڵاتانی دەوروبەریان و جیهانی بۆ دوو بەرە دابەشكردووە، ڕوسیا و ئەمریكا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئێران بە فەرمیی بێلایەنییان هەڵبژاردووە و داوای ڕاگرتنی شەڕ دەكەن، ئەوەی كە لایەنگیرە، تەنها توركیایە كە بە ئاشكرا پشتیوانی لە ئازەربایجان دەكات و لەڕووی سەربازییەوە هاوكاری دەكات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەرمینیا دا.

پوتین بۆ سەرۆكی ئەرمینیا: زۆر نیگەرانم لە دۆخی قەرەباغ
ڕاگەیاندنی كریملین بڵاویكردەوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، بە دەستپێشخەریی ئەرمینیا، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ نیكۆل باشینیان سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە دا ئەنجامداوە.

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكەی كریملین، لەو پەیوەندییەدا شەڕ و ململانێكانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباغ تاوتوێكراون. سەرۆكی ڕوسیا ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆی سەبارەت بەو گرژییانە بە سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا ڕاگەیاندووە.

ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕوسیا، زۆر بە پێویستی زانیوە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و كۆتاییهێنان بە شەڕ لە قەرەباغ.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی پوتین و باشینیان، هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندراوێكی پەرلەمانی ڕوسیا (دۆما)دا كە تیایدا داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ و دەستكردن بە گفتوگۆ دەكات. پەرلەمانی ڕوسیا پێشتریش ڕایگەیاندبوو كە لایەنگیریكردنی هەریەكێك لە دوو وڵاتە بە شەڕهاتووەكە، سووتەمەنی بە ئاگری نێوانیاندا دەكات، ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ بێلایەنبوونی ڕوسیا لەم شەڕە دا.

ئەمریكا ـش داوای كۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەكات
مایك پۆمیپۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، داوای لە ئەرمینیا و ئازەربایجان كرد كۆتایی بە شەڕ بهێنن و وتی، “داوا دەكەین هەردوولا بە زووترین كات توندوتیژییەكان ڕابگرن و دەستبكەنەوە بە دانوستاندن.”

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە بە سەردانێك لە (یۆنان)ـە، دانوستاندنی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا بە “زۆر گرنگ” ئەژماركرد.

داواكەی ئەمریكا و ڕوسیا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا لەكاتێكدایە كە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەی قەرەباغ گەرمتر بووە و توندوتیژییەكان زیاتر پەرەیانسەندووە، بە تایبەت ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئەیلول، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆكەیەكی جەنگیی توركیا لە جۆری “ئێف-16″فڕۆكەیەكی جەنگیی ئەرمینیا لە جۆری “سوخوي-25″ی لە ناوچەی قەرەباغ خستەخوارەوە كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی فڕۆكەوانە ئەرمەنییەكە.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا ڕایگەیاند، مووشەكێكی دژەفڕۆكە هێلیكۆپتەرێكی سەربازیی ئازەربایجانی لە ناوچەی قەرەباغ خستووەتە خوارەوە.

ڕوسیا و ئەمریكا ئەو دوو زلهێزەن كە جیهانیان بۆ دوو بەرە دابەشكردووە، سەرباری ئەوەش ڕوسیا نزیكە لەو دوو وڵاتەی شەڕ لەنێوانیاندا هەڵگیرساوە، بەڵام سەرباری ئەوەش ڕوسیا و ئەمریكا بێلایەنییان هەڵبژاردووە.


ئێران: ئاشتیی تاكە ڕێگەچارەیە
جگە لەو دوو وڵاتە، ئێران پشتیوانی لە بەرقەراربوونی ئاشتی لەنێوان دوو وڵاتە بەشەڕهاتووەكەدا دەكات و دەڵێت، “ئاشتی، تاكە ڕێگەچارەی كێشەكانی ئەرمینیا و ئازەربایجانە.”

عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی حكومەتی ئێران لەوبارەیەوە وتی، “ئێران و توركیا و ڕوسیا دەتوانن ڕۆڵی ئاشتیخوازانە بگێڕن و كۆتایی بە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان بهێنن.”

ئەڵمانیا و فەرەنسا داوای ڕاگرتنی شەڕ دەكەن
هاوكات هەریەك لە ئەڵمانیا و فەرەنسا داوای ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێكردنی گفتوگ دەكەن لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا.

ئەنگێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا بە جیا تەلەفۆنی بۆ هەریەك لە ئیلهام عەلییڤ، سەرۆكی ئازەربایجان و نیكۆل باشینیان سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا دا كردووە و داوای لێكردوون شەڕ ڕابگرن.

فەرەنساش لەڕێگەی فرانك ڕیستەر وەزیری ئەو وڵاتە بۆ كاروباری ئەوروپا داوایكرد كۆتایی بە شەڕ بهێنرێت و وتی، “مۆسكۆ و پاریس و واشنتۆن هەوڵدەدەن ئاگربەست لە قەرەباغ و كۆتاییهێنان بە شەڕ بهێننەدی.

ئەوەی لە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دا بووەتە لایەنگر، توركیایە، كە لایەنگری ئازەرەكانە و پێشتر لەسەر ئاستی سەرۆككۆمار و كاربەدەستانی تری باڵا دا، توركیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئازەربایجان دەربڕیوە، تەنانەت توركیا لە بەرامبەر مووچەیەكی بەرزدا، ژمارەیەك چەكداری عەرەبی لە سوریاوە ڕەوانەی ئازەربایجان كردووە بۆ پشتیوانیكردنی ئەو وڵاتە لە شەڕەكەیدا دژ بە ئەرمینیا، ئەمڕۆش سێشەممە 29ی ئەیلول، مەولود چاوش ئۆفڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە لەڕووی سەربازییەوە هاوكاری ئازەربایجان بكات لە شەڕەكەیدا دژ بە ئەرمینیا. هاوكاتی ئەوەش، نیكۆل باشینیان سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا جەختیكردەوە كە ڕاوێژكاران و ئەفسەرانی تورك هاوكاریی هێزەكانی ئازەربایجان دەكەن و لە بەرەكانی شەڕدا ڕێنوێنییان دەكەن.

هەموو ئەو لایەنگیرییانەی توركیا بۆ ئازەربایجان لە شەڕەكەیدا دژ بە ئەرمینیا، پاڵنەری فرەڕەهەندیان هەیە، كە جگە لە بەرژەوەندیی ئابووری، پەیوەستە بەو ناكۆكییە مێژووییەی لە نێوان توركیا و ئەرمینیا دا هەیە.

بابەتی پێشتر

ژمارەیەك دەریای داپۆشراو لەسەر هەسارەی مەریخ دۆزرانەوە

بابەتی دواتر

دۆزینەوەیەكی شۆكهێنەر.. چەندێك قسەبكەیت بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا زیاتردەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوو کارمەندی هاتوچۆی تونێلی دەربەندیخان تووشی شێرپەنجە بوون
هاتوچۆی سلێمانی: ناتوانرێت بسەلمێنرێت بەهۆی کارەکەیانەوە تووشبوون

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت لە کۆی 75  کارمەندی هاتوچۆی دەربەندیخان سیانیان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانیش…
Total
0
Share