جڤاتی نیشتمانی: خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسیارێتییەكەیان لەئەستۆگرت

جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لە ئەستۆگرت.

جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، دوای كۆبوونەوەیان لە مەكۆی سەرەكی چەند بڕیارێك دراون، لەوانە:

یەکەم: وەک دروستکردنی پێشینەیەکی سیاسی نوێ و ڕچەشکێن، ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغەیان لە ژیانی سیاسی لەئەستۆگرت تا دروستکردنی دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە و ئامادەکاری کۆنفرانسی نیشتیمانی، ئەمەش هەنگاوێکە جێگای نرخاندنی بەرزە و وەڵامی ڕاستەوخۆی ئیرادەی گۆڕانخوازانە بۆ گۆڕانکاری.

دووەم: ستراتیژی بنیاتنانەوەی پایەکانی قۆناغی نوێ لە ڕێگەی داڕشتنەوەی بنەماکانی خەباتی سیاسی، دیپلۆماسی، ڕێکخراوەیی، میدیایی، گوتاری سیاسی و پرسی بەشداری گۆڕان لە حكومەتدا بڕیاریان لێدرا.

سێیەم: ئەنجامدانی کۆڕ و کۆبونەوەی فراوان لەگەڵ گۆڕانخوازان بۆ دروستکردنی بڕیاری دەستەجەمعی و دەستپێکی قۆناغی هەستانەوە. هاوکات بۆ نرخاندنی توانا و پەرۆشی ئەو خەڵکانەی لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا هاوکار و پاڵپشتی بزوتنەوەی گۆڕان بون، یان نوێنەرایەتیان کردوە و زیانیان بە بزوتنەوەکە نەگەیاندوە؛ پەیوەندیان لەگەڵ بکرێت و ببنەوە بە بەشێک لە ستراتیژی بنیادنانەوە و داڕشتنەوەی متمانە.

چوارەم: ڕاستە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەکی کاتی نوشستی خواردوە، بەڵام هەموو گۆڕانخوازان دڵنیادەکەینەوە؛ هەڵەکان ڕاست دەکەینەوە و، ئیرادەی بەخۆداچوونەوە و چاکسازی و گۆڕانکاری خەڵکی کوردستان سەردەکەوێ.

ئێوارەی ئەمڕۆ خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی “وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە” ڕاگەیاند و دەڵێت، “لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت”.

خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان لە (ڕێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سكرتێری جڤاتی گشتی، سكرتێری فراكسیۆنەكان، سكرتێری باژێروانەكان، سكرتێری ژوورەكان و سكرتێری خەڵك) پێكدێن.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی بۆ گۆڕان: دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین

بابەتی دواتر

هەمیشە پێدەکەنێت.. چ شتێک وا لە کانتی دەکات توڕەبێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share