شیکاریی توخێل بۆ چێڵسی، نیعمەتە یان نەهامەتی؟

تۆماس توخێل بە فەرمی جێگەی فرانک لامپاردی گرتەوە

بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم وەرزەوە، یانەی چێڵسی ئینگلیزی بە ڕێککەوتن بۆندی فرانک لامپاردی ڕاهێنەری هەڵوەشاندوە و تۆماس توخێلی ئەڵمانی ڕاهێنەری پێشووی یانەی پاریس سانت جێرمانیان لە جێگەی دەستنیشانکرد.

لامپارد 84 یاری وەک ڕاهێنەری بلوزی لەندەن ئەنجامدا و 44 بردنەوە و 17 یەکسانبوون و 23 دۆڕاندنی تۆمارکرد، وەرزی ڕابردوو پلەی چوارەمی پریمەرلیگی بەدەستهێنا و جامی “فا کەپ” و “کاراباو”ی لەدەستدا، لە قۆناغی 16وە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەجێهێشت، لە فاینەڵی جامی سوپەری ئەوروپاش بەرانبەر لیڤەرپوڵ شکستیهێنا.

لەم وەرزەدا چێڵسی بە 29 خاڵەوە لە پلەی نۆیەمدایە، سەرەڕای ئەوەی لە هاوینی 2020 چەندین یاریزانی بەتوانایان بە زیاتر لە 200 ملیۆن یورۆ دابینکرد.

ئیدارەی ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵیاندا یولیان نایگڵسمانی ڕاهێنەری ئەڵمانی دابینبکەن، بەڵام یانەی لاپیزیچ ڕەتیکردەوە دەستبەرداری ڕاهێنەرە 33 ساڵەکە ببێت، بەم هۆیەوە ڕاداری یانەیان ڕووەو توماس توخێلی ڕاهێنەری پێشووی پاریس بادا، لەم ڕاپۆرتەدا هۆکاری دەستنیشانکردنی ئەم ڕاهێنەرە ڕووندەکەینەوە.

هاڤێرتز و ڤێرنەر

توخێل ئەڵمانییە و لە زوبانی کای هاڤێرتز و تیمۆ ڤێرنەر تێدەگات، بەپێی زانیاریەکانی دەیلی مەیڵ، ڕاهێنەرەکە بەڵێنیداوە ئەوپەڕی وزەی دوو هاونیشتیمانەکەی بەگەڕبخات.

توخێل ڕاهێنەرێکی ئەزموندارە و لە چنینەوەی نازناوەکاندا شارەزایی هەیە

ئەزموونی درێژخایەن

توخێل ئەزموونێکی درێژخایەنی لەگەڵ یانەکانی دۆرتمۆند و پاریس سانت جێرمان بەدەستهێناوە، نازناوەکانی جامی ئەڵمانیا و خولی فەرەنسا و جامی فەرەنسا و سوپەری فەرەنسی و جامی ڕایەڵەی یانە فەرەنسیەکانی بەدەستهێناوە.

وەرزی ڕابردوو لەگەڵ پاریسیەکان گەیشتە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و بەرانبەر بایرن میونشن دۆڕاندنی تۆمارکرد، وەک دەردەکەوێت ئەزموونی لە چنینەوەی نازناوە ناوخۆییەکاندا هەیە و لە ئەوروپاش دەزانێت بە چ شێوەیەک مامەڵە بە پێکهاتەکانیەوە بکات.

مامەڵەکردن لەگەڵ ئەستێرەکان

ڕاهێنەرە کارامەکەی ئەڵمانیا پێشتر لە دۆرتمۆند و پاریس لەگەڵ چەندین ناوی گەورەی وەک مارکۆ ڕۆیس و مباپێ و نێیمار و مارکینیۆس و چەندینێکی دیکە کاریکردووە و دەزانێت بە چ شێوەیەک هاوسەنگی ژووری جلگۆڕینەکان بپارێزێت.

لە هەڵبژاردنی پێکهاتە سەرەکیەکانیدا بوێربووە بەبێ گوێدانە بێزاری هەندێک لە یاریزانان، بە پێچەوانەی لامپاردەوە کە تاوەکو کۆتا ساتەکانی نەیتوانی ژووری جلگۆڕینەکان ڕێکبخات و توڕەیی یاریزانان لە پلان و تاکتیکەکانی خاوبکاتەوە.

توخێل لە پاریس سانت جێرمان بە فاینەڵی چامپیۆنزلیگ گەیشتووە

شارەزایی تاکتیکی

بەپێی زانیاریەکانی ڕۆژنامەی تێلیگراف، لامپارد لە ئاماری تاکتیکی و پلانەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە و کەمترین زانیاری و سەرنجی بە یاریزانەکانیداوە.

بە پێچەوانەوە توخێل ڕاهێنەرێکی تاکتیکی نمرە یەکە و ئەم خەسڵەتەش سەرنجی ڕۆمان ئەبرامۆڤیچ، ملیاردێری ڕووسی و خاوەنی یانەی چێڵسی ڕاکێشاوە.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. كەسێك دەستگیركرا "بەنیاز بووە بڕێكی زۆر مادەی هۆشبەر ڕەوانەی دەرەوە بكات"

بابەتی دواتر

دۆرتمۆند بۆ پاراستنی هالاند دەرگا بۆ مانچستەر یونایتد دەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share