×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

مەسرور بارزانی: حكوومه‌تی هه‌رێم 27 ملیار دۆلار قه‌رزاره‌ و خاوەنی یەدەگی دارایی نییە

2020-05-22
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
فۆتۆ: Social Media
ئێستا - هەولێر
ئێستا
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، ئەمشەو هەینی، ڕایگەیاند کە حکوومەت 27 ملیار دۆلار قەرزارە و خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە.

مەسرور بارزانی وتارێکی تەلەڤزیۆنی پێشکەش کرد و لە میانیدا ڕایگەیاند، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزارە و خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە".

لەبارەی پرسی چاکسازیی ئیداری، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتی کە چاکسازی بەشێکی گرنگی کارنامەکەی کابینەکەیەتی و ڕایگەیاند کە "نابێت هیچ کەسێک ڕێگری لە چاکسازیی گشتگیر بکات".

سەبارەت بە پرسی لامەرکەزی کە ماوەیەکە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین قسەوباسی گەرمی لەبارەوە دەکرێت، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، "كارده‌كه‌ین بۆ چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زیی ئیداریی پارێزگاكان له‌ چوارچێوه‌ی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستاندا".

سەبارەت بە پرسی کێشە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور لەگەڵ بەغداد، دەربڕیوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەرێمی کوردستان و جیهان ڕووبەڕووی دۆخێکی سەختی ئابووری بوونەتەوە، و وتی "ئەم دۆخە نەخوازراوە لە دەرەوەی ویست و خواستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و بەردەوامیشین لە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان کەم بکەینەوە".

مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە بەشێکی زۆری دۆخی سەختی ئابووریی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەنجامی "سیاسەتی هەڵە"ی تەنیا پشتبەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە و وتی، "ئەم قەیرانەی ئێستا، سوورترمان دەکات لە سەر درێژەدان بە ستراتیجی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و لە هەمانکاتدا زیاتر هانمان دەدات بۆ بەردەوامبوون لە سەر درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی و چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێماسیانەی لە رابردوودا لە بواری کارگێڕی و داراییدا هەبووە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا کە سوورن لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و وتی "لە جێبەجێکردنی چاکسازیدا، بەرژەوەندیی خەڵکانێک کە سەرپێچی و گەندەڵیان کردووە دەکەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەکخستنی دەدەن و ئاستەنگی بۆ دروست دەکەن. بەڵام چاکسازی داواکاریی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و منیش لە بەرەی هاووڵاتییان دەمێنمەوە".

مەسرور بارزانی داوای لە لایەنەکانی سیاسی کرد یەکڕیزیی ناوخۆیی بپارێزن و یارمەتیدەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بن لە رێکخستنەوەی سیستمی ئابووری و کارگێڕیی و چاککردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، و داوای تایبەتیشی لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد "بەرژەوەندیی تەسکی شەخسی و ململانێی حزبایەتی بەلاوە بنێن و هاوهەڵوێست بن لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران و بژێوی هاووڵاتییان، سەرۆکی حکوومەت وتی کە هەموو تواناکانیان لەوبارەیەوە چڕکردووەتەوە و لە ماوەی نۆ مانگی دەستبەکاربوونی کابینەکەیدا تەنها مووچەی مانگێک دواکەوتووە، و ڕاشیگەیاند "بەپێی داهات و توانا داراییەکانی هەرێم پلانمان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە داناوە و بودجە و خەرجیی دامودەزگاکانی هەرێم و مووچەخۆران ڕێکدەخەینەوە و ڕەچاوی یاسای چاکسازی پەیوەست بەم بوارە دەکەین".

لەبارەی داهات و قەرزەکانی حکوومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی وتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزارە و بەشێکی زۆری ئەو قەرزانەش لە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵە، بە هۆی نەناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتەکانی پێشووی عێراق، هەربۆیەشە بەداخەوە حکوومەتی هەرێم خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە".

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند کاتێک داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت 700 ملیۆن دۆلار بووە، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلاری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت و گواستنەوەی و دانەوەی قەرزەکان خەرجکراوە و ئەوەی بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 300 ملیۆن دۆلار بووە و وتیشی "تەنیا 383 ملیۆن دۆلاریش وەک بەشە بودجەیەک لە بەغدا دەهات، بەڵام ئەو پارەیە بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی نەدەکرد و ناچار رێژەیەکی بەرچاوی داهاتی ناوخۆش وەک تەواوکەری پێوستیی مووچە خەرج کراوە".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە مانگانە 60 ملیۆن دۆلار کورتهێنانیان هەبووە.

سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتیشی کۆی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە بۆ خەزێنەی حکوومەت گەڕاوەتەوە، تەنیا 30 ملیۆن دۆلار بووە، داهاتی ناوخۆش نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار بووە.

مەسرور بارزانی ئاشکرایکرد کە "نادادپەروەرییەکی زۆر و بێپلانی هەبووە، 80%ی داهاتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران تەرخانکراوە، مووچەخۆرانیش 20%ی دانیشتووانی هەرێمن. ئەم رێژەیەی مووچەخۆران بەپێی ستانداردە باوەکان چەندین بەرابەری پێداویستییەکانی هەرێمە، وتیشی "لە باشترین بارودۆخی داراییدا، لە بودجەی هەرێم 15%ی بۆ خەرجییەکانی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و تەنیا کەمتر لە 5% بودجە بۆ پەرەپێدانی وڵات دەمێنێتەوە".

سەرۆکی حکوومەت جەختیکردەوە لەوەی "حوکمڕانی تەنیا دابەشکردنی مووچە نییە، بۆیە دەبێت هەموومان پێکەوە بە هاووڵاتی و حکوومەت و لایەنە سیاسییەکانەوە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەین، بە جۆرێک گەر لە دۆخێکی باشی ئابووریشدا بین، نابێت هەموو توانا داراییەکانمان بۆ مووچە تەرخان بکرێت، پێویستە بەشێکی بەرچاوی بودجە بۆ پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی ئابوورییمان بێت".

مەسرور بارزانی وتیشی کە بەپێی پێشبینیی شارەزایان، ئەم دۆخە داراییە سەختەی ئێستا ڕەنگە تا ماوەیەکی دیکەش بەردەوام بێت.



‌ئێستا