×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

عێراق.. پێشنیازی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان کراوە

2020-05-22
کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و پارێزگارەکانی عێراق
فۆتۆ: نووسینگەی سەرۆکوەزیران
ئێستا - بەغ
ئێستا
پارێزگاری سەڵاحەدین، عەمار جەبر، ئەمڕۆ هەینی، ئاشکرایکرد کە پێشنیازی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان لەپێناو بەڕێوەبەردنی پارێزگاکانیان، کراوە.

جەبر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق، وتی کە "کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی لەگەڵ پارێزگارەکان تیشکی خستووەتەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و چەند بابەتێکی دیکەی گرنگ"، وتیشی کە "پارێزگارەکان چەندان کێشە و بابەتیان هەیە کە دەبێت بەڕێگەیەکی جیاواز لە ڕێگاکانی پێشوو چارەسەر بکرێن، و ئەو ڕێگەیەش گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانە بۆ پارێزگارەکان بۆ بەڕێوەبەردنی داهاتی ناوخۆییان".

جەبر ڕوونیشیکردەوە کە "پێشنیازی کردووە بۆ سەرۆکوەزیران کە لە وەرزی کشتوکاڵیدا دەروازەی پارێزگاکان دابخرێن بۆ ئەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و خۆراکی نەچنە نێو پارێزگاکانەوە"، جەختیشیکردەوە لەوەی "گرنگە لە وەرزی کشتوکاڵدا پارێزگار دەسەڵاتی هەبێت بەپێی تایبەتمەندیی پارێزگاکەی".

پارێزگاری سەڵاحەدین ڕاشیگەیاندووە کە "گرنگە چاو بە وەبەرهێنانی سامانە مرۆییەکاندا بخشێندرێتەوە ئەویش بە نوێکردنەوەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ نەهێشتنی بێکاری و سووککردنی باری سەر شانی دەوڵەت".

عەمار جەبر باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ کازمی-دا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی چەند پرسێکی دیکەی گرنگی وەک کارەبا و کرێی ڕۆژانەی خزمەتگوزارییەکان و گرنگیی گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ وەبەرهێنانی لە تەواوی پارێزگاکان".

پارێزگاری سەڵاحەدین، عەمار جەبر وتووشیەتی کە "سەرۆکوەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ پارێزگارەکان بۆ هێنانەدی کاری بەکۆمەڵ دەربڕیوە و بەڵێنی داوە لە دوای پشووی جەژن کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی وەزیرەکان و پارێزگارەکان سازبکات بۆ دانانی پلانێکی گشتی بۆ ئیدارەی دەوڵەت لە ماوەکانی داهاتوودا".

سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی پاڵپشتیی خۆی دووپاتکردووەتەوە بۆ بەخشینی دەسەڵات بە پارێزگاکان و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان بۆ کێبڕکێی ڕەوا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە پارێزگاکان، کە بەدەست پشتگوێخستنەوە ناڵاندوویانە.



‌ئێستا