×


کوردی      English
تۆڕی میدیایی ئێستا
تۆڕی میدیایی ئێستا

چین: کشانەوەی ئەمریکا لە بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر سەقامگیری هەندێک ناوچە

2020-05-22
.
فۆتۆ: Tass Agency
ئێستا - Tass Agency
ئێستا
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ژاو لیشیان، ئەمڕۆ هەینی، هۆشداریدا لە کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە، کە کاریگەری دەکاتە سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەندێک ناوچە. بەرپرسانی واشنتنیش بەوە وەسفکرد کە "هێشتا لە سەردەمی جەنگی سارددا گیریان خواردووە".

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی تاسی ڕووسی، ژاو لیشیان وتی، "بڕیاری تاکلایەنەی ئەمریکا لەسەر کشانەوەی لە بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە و مەیلی واشنتن بۆ گرتنەبەری هەنگاوی تاکلایەنە، تەنها جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی بەرپرسە ئەمریکییەکان لە سەردەمی جەنگی سەرددا گیریان خواردووە".

هۆشداریدا لە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا و وتی، "بڕیارەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەندێک ناوچە دەبێت".

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی پێشێلدەکات.

دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کشانەوەی وڵاتەکەی لە بەڵێننامەکە ڕاگەیاند، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ڕووسیا پابەند نییە.

بەرپرسێکی ئەمریکیش وتی، "بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە ماوەی شەش مانگ بە ڕیککەوتنەکەدا چوونەتەوە و هەندێک پرس هەبووە، ڕووسیا ڕەتی کردووەتەوە پابەندی بەڵیننامەکە ببێت تێیدا، لەبەر ئەوە ڕوون بووەوە کە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادا نییە لە بەڵێننامەکەدا بمێنێتەوە".

هەندێکی بەرپرسی باڵای دیکەش وتیان، "کشانەوە لە ڕێککەوتنەکە، لە ماوەی شەش مانگەدا ئەنجام دەدرێت، ئەویش بەپێی مەرجەکانی کشانەوە لە بەڵێننامەکە".

ڕۆژی 1ی کانوونی دووەمی ساڵی 2002 بەڵێننامەی ئاسمانی کراوە بە بەشداریی 35 وڵاتی جیهانی، لەوانەش ئەمریکا و کەنەدا و ڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپا و تورکیا واژۆکرا. بەپێی ڕێککەوتنەکە وڵاتانی بەشدار ڕێگە دەدەنە بە وڵاتە بەشدارەکانی دیکە ئازادانە فڕۆکەی چاودێریی ناچەکدار بەسەر خاکیاندا بگەڕێت، بەشێوەیەک زانیاریی ڕاستەوخۆ لەسەر هێز و چالاکیی سەربازییان دەستبکەوێت.



‌ئێستا